گواردیۆلا: تەنیا 13 یاریزانم لەبەردەستە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پرێمەرلیگ یانەی مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی رایگەیاند تەنیا 13 یاریزان لە تیپەکەی ئامادەن بۆ یارییکردن، ئەوەش کێشەیەکی زۆر بۆ تیپەکە لە یارییەکانی داهاتوویدا دروستدەکات.
 
مانچێستەر سیتی لە جامی کاراباو کەپ رووبەڕووی تۆتێنهام بووەوە و بە 2 - 1 یارییەکەی دۆڕاند و ماڵئاوایی لە جامەکە کرد.
 
لە یارییەکەدا هەریەکە لە ساڤینیۆ و گڤاردیۆل، بەهۆی پێکانەوە یاریگەیان بەجێهێشت، بەر لە دەستپێکردنی یارییەکەش، مانوێل ئاکانجی بەهۆی هەستکردن بەئازارەوە، لە پێکهاتەی تیپەکە دوورخرایەوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، هەریەکە لە کایل واکەر، رۆدری، ئۆسکار پۆپ، جیریمی دوکۆ، کیڤن دیبرۆین و جاک گریلیش پێشتر دووچاری پێکان بووبوون.
 
پێپ گواردیۆلا دوای یارییەکەی تۆتێنهام، پەسنی ئاستی تیپەکەی کرد، گوتی شانازم بە یاریزانەکانم و شێوازی یارییکردنیان.
 
راهێنەری سیتی، دانیبەوەداناوە کە دۆخی تیپەکەی بەهۆی پێکانی زۆری یاریزانانەوە باش نییە، بەتایبەت کە تیپەکە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بۆرنمۆس لە پرێمەرلیگ و پاشان پۆرتینگ لیسبۆن لە چامپیۆنزلیگ ئامادە دەکات.
 
گواردیۆلا دەڵێ، "تەنیا 13 یاریزانمان بەردەستن بۆ یارییکردن، ئەمەش دۆخێکی قورسە بۆمان. بەڵام دەبوو هەوڵێکی زۆر بدەین لە هەفتەی رابردوودا، چونکە ئەو یاریزانانەی بەشدارییانکرد، لە کۆتایی هەفتەکەدا دووچاری کێشەی پێکانبوون".
 
پێپ دەستی لەسەر خاڵێکی مەترسیدار داناوە لەبارەی دۆخی تیپەکەیەوە و و دەڵێ، "چاوەڕێی پڕۆسەی چاکبوونەوەی یاریزانەکان دەکەین، ئێمە ئێستا لە کێشەداین، لە نۆ ساڵی رابردوودا رووینەداوە ئەو ژمارە یاریزانەمان پێکەوە دووچاری پێکان ببن، بەڵام یاریزانەکان هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ بەرەوپێشچوون و چاکبوونەوە".
 
پێکانی زۆری یاریزانان، تەنیا رووبەڕووی مانچێستەر سیتی نەبووەتەوە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆری یانە گەورەکانی ئەورووپا، بەهۆی پێکرانی یاریزانەکانیانەوە دووچاری تەنگژەی گەورەبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە