موسیالا لەگەڵ بایرن میونشن بەردەوام دەبێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بایرن میونشن جەمال موسیالا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جەمال موسیالا، ئەستێرەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، نزیکیی لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی راگەیاند، بەوەش یانەکانی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی بێئومێدکرد.
 
بایرن میونشن، دوێنێ شەو بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر ماینز لە جامی ئەڵمانیا بەدەستهێنا. لە یارییەکدا موسیالا درەوشایەوە و هاتریکی تۆمارکرد.
 
موسیالا یاریی ژمارە 174ی بەدرێسی بایرن میونشنەوە ئەنجامدا، ئەوە یەکەمجارە ئەو یاریزانە هاتریک بۆ یانەکەی تۆماربکات، نزیکە لەوەی ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ یانە باڤارییەکە بگەیەنێتە 50 گۆڵ.
 
موسیالا دوای یارییەکە، باسی لە چارەنووسی خۆی و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کرد.
 
ئەو یاریزانە گوتی، "پێشبینیدەکەم بەمنزیکانە گرێبەستەکەم لەگەڵ بایرن میونشن نوێبکەمەوە، ئێستا دانوستاندنمان هەیە و من لێرە زۆر دڵخۆشم".
 
پێشتر سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردبوو، کە بایرن میونشن ئامادەیە موسیالا بکاتە خاوەن بەرزترین مووچە لە تیپەکەدا و ئامادەیە مووچەی ئەو یاریزانە هاوتای هاری کەین بکات کە هەفتانە 400 هەزار پاوەند وەردەگرێت. ئەوەش بەئومێدی رێگرتن لە چوونە دەرەوەی ئەو یاریزانە لە یانەکە.
 
بایرن میونشن، نوێکردنەوەی گرێبەستی موسیالای کردووەتە پێشینەی کارەکانی خۆی لەماوەی داهاتوودا، بۆ ئەوەی رێگە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی داڤید ئالابا و ئالفۆنسۆ دەیڤز بگرێت کە بەهۆی شکستهێنان لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان، یەکێکیان بەخۆڕایی لە یانەکە رۆیشت و دەیڤزیش لە کۆتایی وەرزدا هەمان هەنگاو دەگرێتە بەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە