پۆل پۆگبا ناڕوات



جۆزێپی ماڕۆتایی بەڕێوەبەری گشتی یانەی یۆڤنتۆسی ئیتاڵیا دووپاتیکردەوە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری پۆل پۆگبای یاریزانی ‌هێڵی ناوەڕاستی یانەکەیان نابن.

یاریزانە لاوە فەرەنسییەکە لەماوەی رابردوودا ناوی بەیانەکانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و مانچستەر ستی و ئارسناڵ و چێڵسی ئینگلیزییەوە بەسترایەوە.

ماڕۆتا لەلێدوانێکیدا بۆ تۆڕی هەواڵی سکای بیست و چواری ئیتاڵیا رایگەیاند، گرێبەستی پۆگبا زۆری ماوە بەسەر بچێت و لەماوەی رابردوودا لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی کۆبووینەوە و باسمان لە گەورەبوونی پەیوەندی نێوان یانەکە و پۆگبا کرد و یاریزانەکە زۆر دڵخۆشە لەگەڵ یۆڤنتۆس و بیانکۆنێری و نایەوێت بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ببێت.

پۆگبا لەساڵی دوو هەزار و دوازدەدا لەیانەی مانچستەر یونایتدەوە بەپارەیەکی نادیار پەیوەندی بە یۆڤتنۆسەوە کرد و دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز، بووەتە جێگەی گرنگی پێدانی یانە گەورەکانی ئەوروپا.