گورزێکی کوشندە بەر بارسێلۆنا دەکەوێت

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فرێنکی دی یۆنگ پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بارسێلۆنا نایەوێت یەکێک لە ئەستێرەکانی نەشتەرگەری بکات بۆ ئەوەی سوود لە تواناکانی وەربگرێت، ئەو یاریزانەش دەیەوێت نەشتەرگەری بکات و ئامادە نییە یاری بکاتەوە تاوەکو بەیەکجاری چاکدەبێتەوە.
 
بەقسەی پزیشکان فرێنکی دی یۆنگ پێویستە نەشتەرگەری بۆ بکرێت، ئەگەر بیەوێت بەیەکجاری لە پێکانەکەی چاکبێتەوە و بە باشترین شێوە بگەڕێتەوە نێو یاریگاکان.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، فرێنکی دی یۆنگی یاریزانی هۆڵەندی ماوەی 4 مانگە لە بارسا دوورکەوتووەتەوە، بەهۆی پێکانەکەیەوە و هێشتا هەست بە ئازار دەکات لە پاژنەی پێیدا.
 
دی یۆنگ وەرزی رابردوو لە ئیلکلاسیکۆی قۆناخی دووەمی لالیگادا تووشی پێکان بوو، یاریزانەکەش رەتیکردەوە نەشتەرگەری بۆ بکرێت و پێی باشتربوو پەنا بۆ چارەسەری سروشتی ببات.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، دی یۆنگ نایەوێت یاری بکات تاوەکو بەتەواوی چاک نەبێتەوە، بەڵام یانەکە بەپەلە پێویستی پێیەتی، داواشیان لێکردووە هەوڵی یاریکردن لەگەڵ تیپەکە بدات تەنانەت ئەگەر هەست بە ئازاریش بکات، وەک زۆر لە یاریزانە پیشەگەرەکان دەیکەن.
 
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە کە دی یۆنگ پێشنیازەکەی بارسێلۆنای رەتکردووەتەوە، چونکە دەیەوێت بەتەواوی چاک بێتەوە، و دەیەوێت لە باشترین دۆخدا بگەڕێتەوە.
 
باس لەوەشکراوە، کارگێڕیی بارسێلۆنا وادەی 15 رۆژی بۆ دی یۆنگ داناوە بۆ ئەوەی بزانێت بارودۆخی چۆن پەرەدەسێنێت و ئایا دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ یاریکردن یان نا.
 
ئەگەر یاریزانەکە هەستی بەباشی نەکرد، و پزیشکان سووربوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت، بەرپرسانی بارسێلۆنا ناچارن ملکەچی ویستەکەی ببن و رازی دەبن نەشتەرگەری بۆ بکرێت بۆ ئەوەی کێشەی پاژنەی پێی بۆ هەمیشەیی چارەسەر بکرێت.
 
ئەگەر دی یۆنگ نەشتەرگەری بۆ بکرێت، تاوەکو دووەمی ئەم وەرزەی ئێستا ناتوانێت بگەڕێتەوە نێو یاریگاکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە