ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا چوارەم سەرکەوتنی لەسەریەکی دەوێت

رووداو دیجیتاڵ

 

بارسێلۆنا بەسەرکردایەتی هانزی فلیک دەیەوێت بەردەوام بێت لە دڵخۆشکردنی هاندەرانی و چەسپاندنی ئەو دیدە لە مێشکی هەوادارانیدا، کە بارسایەکی نوێیە و دەتوانێت رکابەری لەسەر هەموو نازناوەکان بکات.
 
بلاوگرانا دەیەوێت لەسەر ئەو رێچکە دروستە بەردەوام بێت کە لە سەرەتای لالیگادا گرتوویەتی و خوازیارە چوارەم یاری لەسەریەک بباتەوە کاتێک میوانداری ڤایادۆلیدا دەکات لە گەڕی چوارەمی خولی ئیسپانیادا.
 
یانە کەتەلۆنییەکە چەند دڵخۆشە بەو ئاست و ئەنجامانەی تاوەکو ئێستا بەدەستیهێناون، ئەوەندەش دڵخۆشە بە ئەنجامە خراپەکانی ریال مەدریدی رکابەرە هەمیشەییەکەی، کە لە سێ یارییدا چوار خاڵی لەدەستداوە و ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیدایە.
 
فلیک کە هێشتا بەدەست کاریگەری پێکانی کۆمەڵێک یاریزانی سەرەکییەوە دەناڵێنێت و بێرنالیشی هاتە سەر، بەو شێوەی بیر ناکاتەوە کە بێجگە لە بردنەوە هیچ ئامانجێکی دیکەیان هەیە، رێگە بە یاریزانەکانیشی نادات بەو شێوەی بیر بکەنەوە، بەتایبەتی کە میوانەکەیان تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئاستێکی باش پێشکەش بکات و لە سێ یارییدا سەرکەوتنێک، دۆڕانێک و بردنەوەیەکی هەیە.
 
بارسێلۆنا زۆر پێویستی بەو سەرکەوتنە هەیە، چونکە بەدەستهێنانی چوار سەرکەوتن بەسەریەکەوە بە رلە دەستپێکردنی هەفتەی فیفا، متمانەیەکی زۆر دەداتە یاریزانەکانی و گوشاریش بۆ رکابەرانی دێنێت.
 
سان مامێس دەبێتە گۆڕەپانی یارییەکی دیکەی بەهێزی ئەم گەڕە و ئاتلێتیک بیلباوی خاوەنی چوار خاڵ و پلەی نۆیەمی ریزبەندیی میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات، کە ئەمیشیان پێنج خاڵی هەیە و هەردووکیان بەدوای سەرکەوتنێکی نوێدا دەگەڕێن بۆ زوو قاییمکردنی قاچەکانیان لە پلەکانی سەرەوەی ریزبەندییەکەدا، بەڵام بێگومان یارییەکی ئاسان نابێت بۆ هەردوولا، کە هەمیشە یارییەکانی نێوانیان پڕن لە رکابەری و هاوسەنگی.
 
ڤیاریال کە تاوەکو ئێستا باشی هێناوە و بە 7 خاڵ لەدوای بارسا لە پلەی دووەم دێت، هەوڵدەدات لە ڤالێنسیای کۆتایی ریزبەندیی و خراپترین تیپی تاوەکو ئێستای لالیگا بباتەوە، کە هیچ خاڵێکی نییە، ئەگەرچی یارییەکە لە مێستایا بەڕێوەدەچێت.