ڤیدیۆ؛ کەلوپەلەکانی رۆناڵدۆ لە شەوی راکێشانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگدا هەرا دەنێنەوە


رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕ، لە رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگدا هەموو سەرنجەکانی بۆ خۆی برد، جل و بەرگ و ئەو خشڵانەی رۆناڵدۆ لە رێوڕەسمەکەدا بەکاریهێنان بۆ هەمووان بوونەتە جێگەی سەرنج.
 
رۆناڵدۆ لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی گۆڵکاری هەمیشەیی چامپیۆنزلیگ، بەتەواوی سەرنجی لەسەر بوو.
 
دۆن لە رێوڕەسمەکەدا بە قاتێکی رەشەوە دەرکەوت، کە لە مارکەی لوی ڤیتۆنە، کاتژمێرێکی مارکەی فرانک مولەری لەدەستبوو، جگە لەوەش دۆن گوارەیەکی لە گوێ بوو و پارچەیەک ئەڵماسی تایبەت بە قاتەکەیەوە بەستبوو کە هەردووکیان لە مارکەی مێسیکان.
 
ئەو پارچە ئەڵماسەی بە قاتەکەی رۆناڵدۆوە کێشەکەی 33 قیراتە و لە بەردێکی زۆر تایبەت کە کێشی 119 قیراتە و لە بوتسوانا دۆزراوەتەوە دروستکراوە و هەمووی ئەڵماسە.
 
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی دەڵێت "ئەو پارچە ئەڵماسەی رۆناڵدۆ بەکاریهێناوە، زۆر زەحمەتە نرخەکەی بەتەواوی بزانرێت، چونکە زۆر گرانبەهایە و ئەگەری هەیە بگاتە یەک ملیۆن یۆرۆ."
 
ئەو گوارەیەی لە گوێی رۆناڵدۆ بوو لە ئەڵماس و زێڕی سپی دروستکراوە و نرخەکەی دەگاتە 7800 یۆرۆ.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، تێچووی جل و بەرگ و کەلوپەلەکانی رۆناڵدۆ بۆ ئەو ئاهەنگە دەگەنە 4.6 ملیۆن یۆرۆ.