ڤیدیۆ؛ چاوەڕواننەکراوترین ئەنجام لە پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکادا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکرا و دوور لە هەموو پێشبینییەکان، نۆڤاک جۆکۆڤیچ، ئەستێرەی تێنسی سێربیا و دووەمی ریزبەندی باشترینەکانی جیهان ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکا کرد.
 
جۆکۆڤیچ لە قۆناخی 32ـی پاڵەوانێتییەکەدا رووبەڕووی ئالێکس پۆپیرینی ئوسترالی بووەوە، دوور لە هەموو چاوەڕوانییەکان تێنسزانە ئوسترالییەکە ئاستێکی خەیاڵیی پێشکێشکرد و هەمووانی سەرسامکرد.
 
سەرەتا پۆپیرینی 28ـەمی ریزبەندی باشترین تێنسزانەکانی جیهان، لە کۆمەڵەی یەکەمدا بە شەش چوار پێشکەوت.
 
دوای ئەوە هەمووان چاوەڕێی وەڵامی جۆکۆڤیچ بوون، بەڵام کۆمەڵەی دووەمیش بەهەمان ئەنجام و بە شەش چوار لە بەرژەوەندی تێنسزانە ئوسترالییەکە تەواو بوو.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا، نۆڤاک گەڕایەوە نێو رکابەرییەکە و توانیی بە شەش دوو ئەنجامەکە کەمبکاتەوە، دوای ئەوە چاوەڕواندەکرا جۆکۆڤیچ ئەنجامەکە راستبکاتەوە، بەڵام پۆپیرین باشتر یارییکرد و لە کۆمەڵەی چوارەمدا بە شەش چوار وەڵامی ئەستێرە سێربییەکەی دایە و بە سێ کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک یارییەکەی بردەوە.

 
ئالێکس پۆپیرین، لە ماوەی 3 کاژێر و 19 خولەکدا خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە و لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر فرانسیس تیافۆی ئەمریکی یاری دەکات.