هەواڵێکی شۆکهێنەر بۆ بارسێلۆنا.. ناونووسکردنی ئۆلمۆ لە مەترسیدایە

رووداو دیجیتاڵ

 

دەستەی بەرێوەبردنی لالیگا، لە لێدوانێکدا هاندەرانی بارسێلۆنای نیگەران کرد لەبارەی دانی ئۆلمۆی یاریزانی نوێی یانەکە و رایگەیاند "ئەگەری هەیە لە مێرکاتۆی زستانەدا جارێکی دیکە ناوی ئۆلمۆ لە لیستی ناوی یاریزانانی بارسا دووربخرێتەوە و ناونووس نەکرێت".
 
خافێر گۆمێز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لالیگا، ترسی خستە دڵی هاندەرانی یانەی بارسێلۆنای سەبارەت بە دانی ئۆلمۆی ئەستێرەی یانەکە.
 
بارسێلۆنا سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی ناوی یاریزانە نوێیەکەی دانی ئۆلمۆ بۆ ئەوەی بەفەرمی لەگەڵ تیپەکە بەشداری یارییەکان بکات، دوای ئەوەی توانی دەستەی لالیگا رازی بکات ئۆلمۆ لەجیاتی ئاندریاس کریستینسن ناونووس بکات، کە بەهۆی پێکانەوە ماوەیەک دووردەکەوێتەوە.
 
یاساکانی خولی ئیسپانیا رێگە بە تۆمارکردنی یاریزانێک دەدەن لەجیاتی یاریزانێکی دیکە ئەگەر بۆ ماوەی 4 مانگ یان زیاتر بەهۆی پێکانەوە دووربکەوێتەوە.
 
خاڤیێر گۆمێز، لە لێدوانێکدا کە رادیۆ مارکا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند "ناونووسینی دانی ئۆلمۆ تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمە".
 
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "ئەگەر بارسێلۆنا شوێنێکی بۆ نەکاتەوە، ئەوا ناتوانێت لە 1ـی1ـی2025 ناوی تۆماربکاتەوە، ئەوکاتیش ناوی لە لیستی یاریزانەکانی بارسا دەردەهێنرێت و ناتوانێت یاری بکات".
 
تۆمارکردنی ئۆلمۆ تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو کاتی دەبێت، تاوەکو کریستینسن لە پێکان دەگەڕێتەوە، کارگێڕیی یانەکەش دەبێت لە مانگی یەکدا هەوڵی دووبارە تۆمارکردنەوەی ناوی ئۆلمۆ بداتەوە.
 
دانی ئۆلمۆ هاوینی ئەمساڵ لە یانەی لایپزیگەوە پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە کرد.
 
یاریزانە ئیسپانییەکە نەیتوانی بەشداری لە دوو یاری یەکەمدا بکات، چونکە یانەکە نەیتوانی ناوی تۆماربکات بەهۆی تێپەڕاندنی ئەو بنمیچی مووچەیەی کە بۆ تیپەکە رێگەی پێدرابوو.
 
بارسێلۆنا سەرکەوتوو بوو لە بردنەوەی دوو یاری یەکەمی لە خولی ئیسپانیا، کاتێک لە ڤالێنسیا و ئاتلێتیک بیلباوی بردەوە.
 
ئۆلمۆ لە یاری سییەمی بارسێلۆنادا بەشداری کرد و گۆڵی سەرکەوتنی دژی رایۆ ڤایکانۆ تۆمارکرد، لەو یارییەدا کە بارسا 2-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.