لە دوایین وادەی گواستنەوەدا چەند گرێبەستێکی گەورە کران

 
رووداو دیجیتاڵ

وادەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان لەسەر ئاستی خولە گەورەکانی ئەورووپا کۆتاییهات، لە دوایین ساتەکاندا چەند گرێبەستێکی سەرنجڕاکێش ئەنجامدران و رەحیم ستێرلینگ چووە یانەی ئارسیناڵ.
 
لە گواستنەوەی هاوینەدا، هاوشێوەی گواستنەوەکانی چەند ساڵی رابردوودا، پرێمەرلیگ زۆرترین چاوی لەسەر بوو و زۆرترین یاریزانیش هەر لەو خولەدا گواستنرانەوە.
 
لە شەوی کۆتایی گواستنەوەی یاریزاناندا، یانەی ئارسیناڵ، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی رەحیم ستێرلینگ، یاریزانی ئینگلیزی و یانەی چێڵسی بۆ یانەکەی راگەیاند، گرێبەستی ئەو یاریزانە بەشێوەی خواستن دەبێت و بۆ ماوەی یەک وەرزە.
 
دوای پەیوەندیکردنی بە یانە لەندەنییەکە، رەحیم ستێرلینگ گوتی "هەستێکی باوەڕپێنەکراوە، من لە لووتکەی دڵخۆشیدام و ئەم بڕیارەم زۆر گرنگ و گونجاو بوو، دوای لەبەرچاوگرتنی هەموو شتێک هەستمکرد ئێرە بۆ من زۆر گونجاوە، بۆیە زۆر دڵخۆشم بە پەیوەندیکردن بە یانەی ئارسیناڵ.
 
 
لەگەڵ پەیوەندیکردنی ستێرلینگ بە یانەی ئارسیناڵەوە، یانەی فولهامیش گواستنەوەی ریس نێلسن، یاریزانی یانەی ئارسیناڵی بۆ یانەکەی راگەیاند دوای ئەوەی گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ یانەی ئیپسویچ تاون شکستیهێنا.
 
ئارسیناڵ شەوێکی تایبەتی بەڕێکرد، بەر لە کۆتاییهاتنی وادەی گواستنەوە، ئێدوارد نکیتا، هێرشبەری ئەو یانەیەش یاریگەی ئیماراتسی بەجێهێشت و پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی کریستال پاڵاسەوە کرد، گرێبەستی ئەو یاریزانە بەرامبەر 25 ملیۆن یۆرۆ واژۆکرا و 5 ملیۆن یۆرۆش وەکو گۆڕانکاری لە گرێبەستەکەی جێگەی کراوەتەوە.
 
 
دوو گۆڕانکاری دیکە لە دوایین رۆژی گواستنەوەی یاریزاناندا لە یانەی ئارسیناڵ روویاندا، ئارۆن رامسدال، گۆڵپارێزی ئەو یانەیە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ساوسامپتۆنەوە کرد و یانەکە بەشێوەی خواستن گرێبەستی لەگەڵ نێتۆی گۆڵپارێزی بەرازیلی و یانەی بۆرنمۆوس واژۆکرد.
 
 
یانەی مانچێستەر یونایتد، کۆیایی بە چاوەڕوانیکردنی هاندەرانی هێنا بۆ گواستنەوەی مانوێل ئوگارتی و ئەو یاریزانەی وەکو یاریزانی نوێی یانەکە راگەیاند.
 
مانوێل ئوگارتی، یاریزانی ئۆرۆگوایی و یانەی پاریس سانجێرمان بەرامبەر 50 ملیۆن یۆرۆ و 10 ملیۆن یۆرۆ وەکو گۆڕانکاری، پەیوەندیی بە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکەوە کرد و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە تاوەکو هاوینی 2029 دەبێت.
 
 
 
هاوشێوەی هاوینی رابردوو، سعودیە لەم هاوینەشدا گرێبەستی گەورەی ئەنجامدا و لە دوایین شەوی گواستنەوەی یاریزاناندا، یانەی ئەهلی جەددەی سعودی، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی ئیڤان تۆنی، هێرشبەری ئینگلیزی و یانەی برێنتفۆردی بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
ئیڤان تۆنی بەرامبەر 42 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی یانە سعودییەکەوە دەکات و پرێمەرلیگی بەرەو خولی رۆشن بەجێهێشت، گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ ئەهلی تاوەکو 2028 دەبێت.
 
 
یانەی وێستهام یونایتد، گرێبەستکردنی لەگەڵ کارلۆس سۆلێر، ناوەڕاستکاری ئیسپانی و یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان راگەیاند.
 
گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە بەشێوەی خواستن دەبێت بۆ یەک وەرز و مەرجی کڕینەوەی لەگەڵدا نییە، بۆیە لە دوای کۆتاییهاتنی وادەی گواستنەوەکەی یان دەگەڕێتەوە پاریس سانجێرمان، یانیش پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە دەکات.
 
 
 
لە ئیتاڵیا یانەی ئەیسی میلان، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی تامی ئەبراهام، یاریزانی ئینگلیزی و یانەی رۆمای بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
گرێبەستی هێرشبەرە ئینگلیزییەکە لەگەڵ رۆسۆنێری بەشێوەی خواستن دەبێت بۆ یەک وەرز و لەبەرامبەر ئەو یاریزانە، میلان 10 ملیۆن یۆرۆ و ئالێکس سالیمایکەرسی دایە یانەی رۆما.
 
 
 
لە ئیسپانیا یانەی ریال سۆسیداد بەشێوەیەکی فەرمی، گواستنەوەی نایف ئەکێرد، بەرگریکاری مەغریبی و یاریزانی پێشووی یانەی وێستهامی بۆ یانەکەی راگەیاند، گرێبەستەکە بەرامبەر 2 ملیۆن یۆرۆ واژۆکرا و چەند گۆڕانکارییەکی تێدایە.
 
 
یانەی ریال بێتیس، بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی جیۆڤانی لۆ سێلسۆ، یاریزانی ئەرجەنتینی و یانەی تۆتێنهامی بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
گرێبەستی ئەو یاریزانە تاوەکو هاوینی 2028 دەبێت و بەرامبەر 16 ملیۆن یۆرۆ واژۆکراوە.
 


وادەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان لەسەر ئاستی خولە گەورەکانی ئەورووپا کۆتاییهات، یانەی چێڵسی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد گەیشتووەتە رێککەوتن، بۆ گواستنەوەی جادۆن سانچۆ و ئەو یاریزانە پەیوەندی بە یانە لەندەنییەکەوە دەکات، بەڵام کارەکانی گواستنەوەی تەواوکراون و راگەیاندنی فەرمی ماوە.