ڤیدیۆ: لیۆ گەڕایەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە پێکانەکەی گەڕایەوە و دواجار پزیشک بڕیار دەدات کەی دەست بە یاری دەکاتەوە.
 
لیۆنێل مێسی، دوێنێ هەینی لەگەڵ هاوڕێکانی لە ئینتەرمەیامی دەستی بە مەشقەکانی کردەوە، دوای ئەوەی زیاتر لە شەش هەفتە دوورکەوتەوە بەهۆی پێکانەوە، کە کاپتنی ئەرجەنتین لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکا بەرامبەر کۆلۆمبیا تووشی بوو لە پاژنەی پێی راستیدا.
 
تاتا مارتینۆی راهێنەری ئینتەرمەیامی رایگەیاند، لیۆ دوای مەشق و راهێنانەکان پشکنینی بۆ دەکرێت، پێش ئەوەی بڕیار بدرێت سەبارەت بە گەشتەکەی لەگەڵ تیپەکە بۆ یارییەکەی بەرامبەر شیکاگۆ، کە بەرەبەیانی سبەی لە چوارچێوەی خولی نایابی ئەمریکیدا بەڕێوەدەچێت.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە لیۆنێل مێسی لەلایەن هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە بانگهێشت نەکراوە بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا دوو یاری لە چوارچێوەی یارییەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیال ئەنجام بدات.
 
مێسی لەم وەرزەدا لە خولی ئەمریکیدا لە 12 یارییدا لەگەڵ ئینتەرمەیامی 12 گۆڵی تۆمارکردووە و 13 ئەسیستیشی هەیە، بەڵام لە 14 یاری خولدا بەشداری نەکردووە، لەنێویاندا دوایین هەشت یاری بەهۆی پێکانەوە.
 
لەو ماوەیەدا یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لە هەر چوار یارییەکەی ئینتەرمەیامی لە جامی خولدا بەشداری نەکرد.
 
لیۆ لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکادا بەرامبەر کۆلۆمبیا تووشی پێکانێکی قورس بوو، یارییەکەی تەواو نەکرد، بەڵم هاوڕێکانی توانیان دڵی خۆش بکەن، کاتێک بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکە و نازناوەکەیان بردەوە و مێسی جامەکەی بەرزکردەوە.