مەدریدییەکان هێشتا هیوایان بە گەیشتنی ئێمباپێ ماوە

رووداو دیجیتاڵ

قسە و باسەکان بەردەوامن لەسەر ئەگەری تەقینەوەی بۆمبێکی گەورە، کە لەوانەیە لە چەند کاژێری داهاتوودا بازاڕی گواستنەوەی هاوینە بهەژێنێت، کە پەیوەستە بە ئەگەری گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان بۆ ریزەکانی ریال مەدرید.
 
رۆژنامەکانی ئیسپانیا وا نیشانیان داوە کە هێشتا هیوایان بە روودانی سوپرایزەکە هەیە و پێشبینی دەکەن ئەم گرێبەستە لە دوایین کاژێرەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان رووبدات، کە ئەمشەو دوا وادەی مێرکاتۆیە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بابەتی چوونی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید تەنیا یەک بەربەستی لەپێشە، ئەویش رێککەوتنی نێوان ئێمباپێ و پاریس سانجێرمانە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی پاداشتی واژۆکردنەکە.
 
ئاماژەیان بەوەشکردووە، بڕی پاداشتەکە 80 ملیۆن یۆرۆیە، کە ئەگەر تاوەکو دوای 31ـی تەمموزی 2023 ئێمباپێ بەردەوام بێت لەگەڵ تیپەکە، شایەنی ئەو پاداشتەیە و یاریزانەکەش توانیویەتی تاوەکو ئەو وادەیە بەردەوام بێت،
 
ئەم پاداشتە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکە لەم هاوینەدا لە پاریس بمێنێتەوە، و پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە نەکات، و دوای ساڵێک بەبێ بەرامبەر بچێتە ئەو یانەیە.
 
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە ئەگەر ئەو قسە و باسانەی ئەم دواییە راست بن، ئەوا ریال مەدرید دەبێت لەگەڵ ئێمباپێ رێکبکەوێت لەسەر چۆنیەتی پێدانی پاداشتی گرێبەستەکەی.
 
پێشبینی دەکرێت گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید بڕی 250 ملیۆن یۆرۆی تێبچێت.