ئەمشەو باشترینەکانی ئەوروپا دەستنیشان دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای راکێشانی تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، یۆفا ناوی براوەی خەڵاتەکانی باشترینی ئەوروپا لە وەرزی رابردوودا رادەگەیێنێت.
 
خەڵاتەکانی باشترین یاریزانانی کوڕ و کچ و باشترین راهێنەرانی کوڕ و کچ دابەشدەکرێن و لە هەمان رێوڕەسمدا، خەڵاتی تایبەتی سەرۆکی یۆفا دەدرێتە کەسایەتییەکی دیاری وەرزشی.
 
بەربژێرانی بردنەوەی نازناوی باشترین یاریزانی ساڵ لە نێوان هەریەکە لە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، کیڤن دیبرۆینی بەلجیکی و ئێرلینگ هالاندی نەرویجی دایە. لە کاتێکدا بەربژێرانی نازناوی باشترین راهێنەری ساڵ بریتین لە پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی، سیمۆنی ئینزاگی راهێنەری ئینتەرمیلان و لۆچیانۆ سپالێتی راهێنەری پێشووی یانەی ناپۆلی.
 
ئەگەرچی مێسی خاکی ئەوروپای بەجێهێشتووە و چیدی لەو کیشوەرە یاریی ناکات، وێڕای ئەوەش کە دوایین وەرزی یارییکردنی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان دەستکەوتێکی جێگەی باسی نەبوو، بەڵام بردنەوەی نازناوی مۆندیالی قەتەر لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین وایکردووە یۆفا مێسی وەک یەکێک لە دوا سێ بەربژێر بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە بهێڵێتەوە.
 
کیڤن دیبرۆینی ئەستێرەی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتی، لەگەڵ ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری هەمان یانە، رکابەری مێسین لە بەدەستهێنانی خەڵاتەکەدا و ئەو دووانەیە کە وەرزی رابردوو سیانەی مێژوویی نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ و ئێف ئەی کاپیان بەدەستهێنا، وەک دیارترین یاریزانی ئەوروپا دەرکەوتن، دیبرۆین بە ئاستی جێگیر و درەوشانەوەی لە ناوەڕاستی تیپەکەیدا و هالاندیش بەبەدەستهێنانی نازناوی گۆڵکەری چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو بە تۆمارکردنی دوانزە گۆڵ.
 
راهێنەرانی بەربژێری نازناوی باشترینی ئەوروپا، دیارترینیان پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەبێت کە توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا، نازناوی ئەو پاڵەوانێتییە بباتەوە و دواتریش جامی سوپەری ئەوروپای لەگەڵ یانەکەیدا بەدەستهێنا.
 
پێپ وەرزێکی ناوازە و نموونەیی لەگەڵ سیتیدا بەڕێکرد و توانی لەگەڵ سیتیدا بۆ پێنجەم نازناوی پرێمەرلیگ بباتەوە و ئەوە یەکەمجاریش بوو ئەو راهێنەرە ئیسپانییە لە دوای هاتنە دەرەوەی لە بارسێلۆنای ئیسپانی، بەنازناوی چامپیۆنزلیگ شاد ببێتەوە.
 
رکابەری پێپ لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، سیمۆنی ئینزاگی راهێنەری ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بوو.. ئینزاگی لە قۆناخە جیاوازەکانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگدا بەبەربژێر بۆ بردنەوەی نازناوەکە نەدەهاتە بەرچاو، بەڵام ئەو راهێنەرە لە کۆتاییدا تەنیا یەک هەنگاو دوور لە نازناوەکە مایەوە و یاریی کۆتایی بە سیتی دۆڕاند.
 
هەرچی بەربژێری سێیەمی خەڵاتی باشترین راهێنەری ئەوروپایە، لۆچیانۆ سپالێتیی راهێنەری پێشووی ناپۆلی و ئێستای هەڵبژاردەی ئیتاڵیایە.. سپالێتی وەرزێکی نایاب و دەستکەوتێکی مێژوویی گەورە و لەبیرنەکراوی هەبوو، کاتێک توانی دوای سی و سێ ساڵ، نازناوی سێری ئا لەگەڵ ناپۆلیدا بباتەوە.