ئەمشەو زەنگی دەستپێکردنی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ لێدەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

بەئەنجامدانی تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکان، ئەمشەو زەنگی دەستپێکردنی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ لێدەدرێت و لانیکەم ئاراستەی یانەکان لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا دەردەکەوێت.
 
دوای تەواوبوونی پاڵاوتنەکان و ئاشکرابوونی ناوی هەر سی و دوو تیپی بەشداری پاڵەوانێتییەکە، جیهان چاوەڕێی دەرکەوتنی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەکات بۆ وەرزی نوێ.
 
ئەو رێوڕەسمەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، لە مۆناکۆی فەرەنسی ئەنجامیدەدات، جیا لە دەستنیشانکردنی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، تێیدا ناوی براوەی خەڵاتەکانی باشترینی ساڵیش ئاشکرا دەکرێت.
 
چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ پێشبینیکراوە هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە رکابەریی تووند و یاریی بەهێز بەخۆوە ببینێت، ئەمەش لەبەرئەوەی بەشێک لە یانە گەورە و خاوەن مێژووەکان لە پاڵەوانێتییەکەدا، لە ئاستی یەکەمی تیروپشکەکە نابن و پێشبینیکراوە تیروپشکەکە کۆمەڵەی بەهێز و ئاگرینی لێبکەوێتەوە.
 
لە تیروپشکەکەدا یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە بەسەر هەشت کۆمەڵەدا دابەشدەبن و ئەمە دوایینجار دەبێت کە سیستمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بەو شێوەیە دەبێت، چونکە لە وەرزی داهاتووەوە کۆی سیستمی پاڵەوانێتییەکە و یارییەکانی گۆڕانکاریی بنچینەییان تێدا دەکرێت، ئەمە جیا لەوەی وەرزی داهاتوو ژمارەی یانە بەشدارەکان بۆ 36 یانە بەرز دەبێتەوە.
 
ئەو یانانەی سەری کۆمەڵەکان لە تیروپشکەکەدا دەگرن بریتی دەبن لە مانچێستەر سیتی پاڵەوانی ئەوروپا و سێڤییای پاڵەوانی یۆرۆلیگ و شەش پاڵەوانی خولە گەورەکانی ئەوروپا کە پێکهاتوون لە بارسێلۆنای پاڵەوانی ئیسپانیا، ناپۆلی پاڵەوانی ئیتاڵیا، بایرن میونشن پاڵەوانی ئەڵمانیا، پاریس سانجێرمان پاڵەوانی فەرەنسا، بێنفیکا پاڵەوانی پۆرتوگال و فاینۆردی پاڵەوانی هۆڵەندا.
 
ئەمساڵ یانەی خاوەن زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکە کە ریال مەدریدی ئیسپانییە، لە ئاستی دووەمی تیروپشکەکەدا دەبێت و لە هەمان ئاستدا یانەی گەورەی دیکەی وەک مانچێستەر یونایتد و ئارسیناڵی ئینگلیزی، بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی هەن.
 
لە ئاستی سێیەمدا یانەکانی وەک میلان و لازیۆ، شاختار دۆنێسک و کۆپێنهاگن بوونیا هەیە، لە کاتێکدا نیوکاسڵی ئینگلیزی کە دوای ساڵانێکی زۆر گەڕاوەتەوە چامپیۆنزلیگ، هاوتای گاڵاتەسەرای تورکی و یۆنیەن بەرلینی ئەڵمانی و ریال سۆسیێدادی ئیسپانی لە ئاستی چوارەمی تیروپشکەکەدا دەبن.
 
یۆفا پێشتر ئاشکرایکردووە کە یارییەکانی گەڕی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە لە رۆژانی نۆزدە و بیستی مانگی داهاتوودا بەڕێوەدەچن و هاوشێوەی وەرزەکانی پێشوو، بەر لە پشووەکانی سەری ساڵ، قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتییەکە کۆتاییان دێت و ئەوکات شانزە یانە کە پێشەنگ و پلەی دووەمی کۆمەڵەکانیان بەدەستدەهێنن، بۆ قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتییەکە سەردەکەون و هەشت یانەی سێیەمی کۆمەڵەکانیش روودەکەنە قۆناخی کردنە دەرەوەی دۆڕاو، لە یۆرۆپالیگ.