تیروپشکی چامپیۆنزلیگ راکێشرا و هالاند و گواردیۆلا بوونە باشترینی ئەوروپا

31-08-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تیروپشکی چامپیۆنزلیگ خەڵاتی باشترینەکانی ئەوروپا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە شاری مۆناکۆی فەرەنسا راکێشرا و 32 یانەی بەشداربوو دابەشی سەر 8 کۆمەڵە کران، کە کۆمەڵەی شەشەم بووە کۆمەڵەی ئاگرین، کە پێکدێت لە پاریس سانجێرمان، بۆرووسیا دۆرتموند، میلان، نیوکاسڵ.
 
کۆمەڵەکان بەمشێوەیەن:
 
کۆمەڵەی یەکەم.. بایرن میونشن، مانچێستەر یونایتد، کۆپێنهاگن، گاڵاتاسەرای
کۆمەڵەی دووەم.. سێڤییا، ئارسیناڵ، ئایندهۆڤن، لانس 
کۆمەڵەی سێیەم.. ناپۆلی، ریال مەدرید، براگا، یەنیەن بەرلین 
کۆمەڵەی چوارەم.. بێنفیکا، ئینتەرمیلان، سالزبۆرگ، ریال سۆسیداد
کۆمەڵەی پێنجەم.. فاینۆرد، ئاتلێتیکۆ مەدرید، لازیۆ، سێلتیک
کۆمەڵەی شەشەم.. پاریس سانجێرمان، بۆرووسیا دۆرتموند، میلان، نیوکاسڵ
کۆمەڵەی حەوتەم.. مانچێستەر سیتی، لایپزیگ، سێرڤینا سڤیزدا، یەنگ بۆیز
کۆمەڵەی هەشتەم.. بارسێلۆنا، پۆرتۆ، شاختار، ئانتوێرپ
 
لە تیروپشکی چامپیۆنزلیگدا، یانەکانی سەر بە یەک یەکێتیی تۆپی پێی بەریەک ناکەون، نابێت لە پاڵەوانێتییەکەدا دوو یانەی یەک شاریش لە هەمان شەودا یارییەکانیان ئەنجامبدەن.
 
یارییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ لە رۆژانی 19 و 20ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکەن، لە 12 و 13ـی12ـی ئەمساڵ یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان کۆتاییدێن و ئەو یانانە یەکلادەبنەوە کە دەگەنە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
 
یاریی کۆتایی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە 1-6-2024 کە رۆژی شەممە دەکات لە یاریگەی وێمبڵی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، کە پێشتر 7 یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا لەو یاریگەیەدا کراون و هیچ یاریگەیەکی دیکە هێندەی ئەو یاریگەیە کە بە ماڵی تۆپی پێ ناسراوە، پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپای تێدا نەکراوە.
 
هەر لەو رێوڕەسمەدا، کە لە کۆربەندی گریمالدی لە مۆناکۆی فەرەنسا، بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە و بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەڕێوەچوو، دوای راکێشانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ، خەڵاتی باشترینەکانی ئەوروپا بۆ وەرزی 2022-2023 دابەشکران، کە دیارترین خەڵاتی، خەڵاتی باشترین یاریزانە. 
 
ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، بە باشترین یاریزانی وەرزی رابردوو دەستنیشانکرا و خەڵاتەکەی بردەوە، دوای ئەوەی توانی دەنگی زیاتر لە هەردوو رکابەرکەی، لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و کیڤن دی برۆینی هاوڕێی لە مان سیتی.
 
لەسەر ئاستی راهێنەرانیش، پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانیی یانەی مانچێستەر سیتی، خەڵاتی باشترین راهێنەری ئەوروپای بەدەستهێنا و بەسەر هەردوو رکابەرە ئیتاڵییەکەیدا سەرکەوت، کە هەریەک لە لوچیانۆ سپالێتی و سیمۆنی ئینزاگی بوون.
 
بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزان لەسەر ئاستی خانمان، ئایتانا بۆنماتیی خانمە یاریزانی بارسێلۆنا بە باشترین خانمە یاریزنای ئەوروپا دەستنیشانکرا.
 
بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین راهێنەر، لەسەر ئاستی تۆپی پێی خانمان لەنێو سێ بەربژێری کۆتاییدا 2 بەربژێریان پیاو بوون، کە هەریەکە لە جۆناتان گیرالدێس، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، خۆرخێ ڤیڵدا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بوون، بەڵام سارینا ڤیگمانی راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئینگلتەرا وەک باشترین راهێنەری خانمان دەستنیشانکرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە