لازیۆ بارسێلۆنای بێهیوا کرد

31-08-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چیرۆ ئیمۆبێلی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی لازیۆی ئیتالی بەشێوەیەکی فەرمی رێککەوتنی لەگەڵ چیرۆ ئیمۆبێلی، ئەستێرە و هێرشبەری یانەکەی راگەیاند، بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو 2025 نوێبکاتەوە.

لازیۆ لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، لەگەڵ ئیمۆبێلی گەیشتنە رێککەوتن بۆ ئەوەی، گرێبەستەکەی بۆ ماوەی 5 ساڵی دیکە نوێبکاتەوە و سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی یانەکە بکات.

نوێکردنەوەی گرێبەستی گۆڵکارە ئیتالییەکە لەلایەن بیانکوچێلستی لەکاتێکدایە، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرابوویەوە، کە یانەی بارسێلۆنا بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەر دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.

ئیمۆبێلی، وەرزی رابردوو لەگەڵ لازیۆ ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و بە تۆمارکردنی 36 گۆڵ، بووە گۆڵکاری سێری ئەی و یەکەم یاریزانە لە مێژووی خولەکەدا لە وەرزێکدا ئەو ژمارەیەی گۆڵی تۆمارکردبێت.

چیرۆ بەو 36 گۆڵە، بووە گۆڵکاری خولە گەورەکانی ئەوروپا و بووە یەکەم یاریزانی ئیتالی لە دوای 2007-2006ـەوە، پێڵاوی زێر بۆ گۆڵکاری ئەوروپا بباتەوە و سێیەم یاریزانی ئیتالیشە خەڵاتەکە بەدەستدەهێنێت، کە پێشتر لوکا تۆنی و فرانچیسکۆ تۆتی ئەو خەڵاتەیان بردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە