هاندەرانی یانەی شتوتگارت پارە بۆ کڕینی مێسی کۆدەکەنەوە

31-08-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی یانەی شتوتگارت
A+ A-

رووداو دیجیتال

هاندەرێکی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی، بیرۆکەیەکی سەرشێتانەی هەیە بۆ ئەوەی یارمەتی یانەکەی بدات تواناکانی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بەدەستبهێنێت.

ئەو هاندەرە، کە ناوی تیم ئارتمانە، پەیجێکی کردووەتەوە بۆ ئەوەی هاندەرانی یانەکەی هانبدات لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پارە ببەخشن بۆ ئەوەی یارمەتی یانەکەیان بدەن بتوانێت لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بگوازێتەوە ریزەکانی.

دوای ئەوەی مێسی لە رێگەی فاکسێکەوە کارگێڕی بارسای لەوە ئاگادارکردەوە کە دەیەوێت ریزەکانی یانەکە جێبهێڵێت، ناوی مێسی بە چەند گەورە یانەیەکی ئەوروپییەوە بەسترایەوە، بەڵام کەس بیری بۆ لای یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی نەدەچوو، مەگەر تیم، کە دەیەوێت 700 ملیۆن یۆرۆ، بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مێسی کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی مێسی بهێنێتە ریزەکانی شتوتگارت.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، تیم 5 رۆژە ئەو پەیجەی داناوە، کەچی تاوەکو ئێستا تەنیا 262 یۆرۆی کۆکردووەتەوە، کە ئەو پارەیە بەشی کڕینی پێنج درێسی مێسیش ناکات.

لەگەڵ ئەوەشدا تیم نە پەشیمانە لەوەی کردووە و نە هەست بە شەرمیش دەکات و بە شانازییەوە دەڵێت "ئەگەر مێسی رەتیشیکردەوە بێتە شتوتگارت، ئەو پارەیە بە رێکخراوێکی خێرخوازی تایبەت بە دابینکردی ئاوی پاک دەدەم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە