ڤیدیۆ؛ گەورەکانی تێنس قۆناخێکی دیکەیان لە ئەمریکا بڕی

31-08-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
تێنسی ئەمریکا
تێنسی ئەمریکا
A+ A-

رووداو - هەولێر

پاڵەوانی وەرزی رابردوو و پێشەنگی جیهان، نۆڤاک جۆکۆڤیچی سێربی گەیشتە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی ئەمریکا، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەسەر دێنیس کودلای ئەمریکی بەدەستهێنا.

جۆکۆ لە یارییەکەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، هەر زوو کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش سێ بردەوە، دوای ئەوەش بەهەمان ستایل و ریتمی بەهێزەوە یارییکرد و شەش چوار و شەش دوو دوو کۆمەڵەی دیکەی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتوو.

لە قۆناخی 16 نۆلێ رکابەریی ستانسیلاس فاڤرینکای سویسری و پاڵەوانی ساڵی 2016ـی پاڵەوانێتییەکە دەکات.

کاژێرێک و 20 خولەک بەس بۆ ئەوەی رۆجێر فێدێرێری سویسری، خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە و سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت.

مایسترۆ لەم قۆناخەدا بەرامبەر دانیێل ئیڤانزی بەریتانی یارییکرد، پێچەوانەی یارییەکانی رابردوو فێدێرێر بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و سێ کۆمەڵەی لەسەریەک و بەئاسانی بردەوە، ئەنجامی کۆمەڵەکانیان شەش دوو، شەش دوو و شەش یەک بوون.

لە قۆناخی داهاتوودا یارییەکی بەهێز چاوەڕێی فێدێرێر دەکات، کاتێک بەرامبەر دەیڤد گۆفینی بەلجیکی یارییدەکات.


لەلایەن خۆیەوە دەیڤد گۆفین، تێنسزانە گەنجەکەی بەلجیکاش جێگەی خۆی لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە کردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەسەر پابلۆ کارینۆ بوستا.

تێنسزانە بەلجیکییە رووبەڕووی ماندووبوونێکی زۆر و رکابەرییەکی بەهێز بووەوە، تاوەکو یارییەکەی بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر یەکلاییکردەوە.

ئەنجامی کۆمەڵەکانی نێوان ئەم دوو تێنسزانە، حەوت شەش، حەوت شەش و حەوت شەش بوون.


پاڵەوانی ساڵی 2016ـی پاڵەوانێتییەکە، ستانسیلاس فاڤرینکای سویسری لەنێو تێنسزانە گەورەکاندا مایەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەسەر پاوڵۆ لورێنزی ئیتالی بەدەستهێنا.

فاڤرینکا بۆ بردنەوەی ئەم یارییە رکابەرێکی بێزارکەری هاتە پێش، بەڵام بە ئەزموونی خۆی توانیی بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر شەش چوار، حەوت شەش و حەوت شەش خۆی بگەیێنێتە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە.


یەکێکی دیکە لە سەرکەوتووانی قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە، ئالێکس دی میناوری ئوسترالی بوو، کاتێک لە کی نیشیکۆری ژاپۆنی بردەوە.

ئاستی تێنسزانە ئوسترالییەکە هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشا، کاتێک بەشێوەیەکی بەهێزەوە دەرکەوت و بە سێ کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک یارییەکەی بردەوە، شەش دوو. شيش چوار، دوو شەش و شەش سێ ئەنجامی کۆمەڵەکان بوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە