بۆ مێژوو.. گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە لە چامپیۆنزلیگدا دەکرێت

 

رووداو دیجیتاڵ

سیستمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا گۆڕانکاریی گەورەی تێدا دەکرێت بۆ وەرزی داهاتوو و بڕیارە بە مۆدێلی سویسری بەڕێوەبچێت.
 
چامپیۆنزلیگ، بەهێزترین خولی یانەکانی ئەوروپایە و پڕبینەرترین پاڵەوانێتی یانەکانە لەسەر ئاستی جیهان، هەر گۆڕانکارییەک لە سیستمی بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە کاردانەوەی زۆری لێدەکەوێتەوە،
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یۆفا) بڕیاریداوە سیستمی پاڵەوانێتییەکە بە تەواوی بگۆڕێت و ئیدی مۆدێلی سویسری بەکاربهێنێت.
 
لە سیستمی پێشووی چامپیۆنزلیگدا، 32 یانە دابەشدەکران بۆ 8 کۆمەڵەی جیاواز، یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک دەگەیشتنە قۆناخی داهاتوو، بەمشێوەیە 16 یانەی دەگەیشتنە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە مۆدێلی سویسریدا بابەتەکە جیاوازە، ژمارەی یانە بەشداربووەکان لە 32 یانەوە زیادکراوە بۆ 36 یانە کە سەرجەمیان لە یەک کۆمەڵەی گەورەدا کۆدەکرێنەوە، ناوی ئەو بەشەی پاڵەوانێتییەکە "قۆناخی خول" دەبێت.
 
هەر یانەیەک 8 یاری لەگەڵ 8 تیپی جیاواز ئەنجامدەدات کە 4 یاریی لە یاریگەی خۆی دەبێت و 4 یارییەکەی دیکەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەکات.
 
36 یانە بەشداربووەکە پۆلێن دەکرێن بۆ 4 ریزبەندی کە هەر یەکێکیان لە 9 یانە پێکدێت، تیروپشک لە نێوانیاندا ئەنجامدەدرێت، بە شێوەیەک کە هەر یەکێک لە یانەکان رووبەڕووی دوو یانەی جیاوازی هەر ریزبەندیەک دەبێتەوە.
 
دوای کۆتاییهاتنی هەر 8 گەڕەکە، 8 یانەی یەکەمی ریزبەندییەکە سەردەکەون بۆ قۆناخی کرانەوە دەرەوە.
 
ئەو یانانەی کە لە نێوان پلەی 9 تاوەکو پلەی 24 دێن، رووبەڕووی یەکدەبنەوە و براوەکەیان دەگاتە قۆناخی داهاتوو، دۆڕاوی ئەو یارییەش دادەبەزێت بۆ یۆروپالیگ.
 
لە دوای ئەوە، پاڵەوانێتییەکە بە هەمان شێوەی چامپیۆنزلیگەکانی پێشوو لە قۆناخی 16 تاوەکو یاری کۆتایی بەڕێوەدەچێت.
 
مۆدێلی سویسری لە یارییەکانی شەترەنج و یوگی و وەرزشە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردێت، لە وەرزی داهاتوودا ئەم سیستەمە لە بەهێزترین پاڵەوانێتی یانەکان لە جیهان دەبینرێت.
 
ئەم شێوازە نوێیە وادەکات کە هەموو گەڕێک یاریی بەهێز و تایبەت ببینرێت و کێبڕکێی یانە بەهێزەکان تووندتر و بەچێژتر بێت، بەڵام دەبێتە هۆکارێک بۆ ماندووبوونی یاریزانان و پاڵەپەستۆیەکی زۆر دەخرێتە سەر یانەکان بە هۆی زیاد بوونی ژمارەی یارییەکان، بە شێوەیەک کە ژمارەی گشتی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ لە 125 یارییەوە زیاد دەبێت بۆ 225 یاری.
 
لەبەر زۆری وردەکارییەکان، تیروپشکەکە کاتێکی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی بە دەستی مرۆڤ ئەنجام بدرێت ، بۆیە وا بڕیارە کە تیروپشکی قۆناخی خول بە زیرەکی دەستکرد ئەنجام بدرێت، کە هەر لە رێگەی زیرەکی دەستکردەوە، یاریگەی یارییەکان دیاریی دەکرێن.
 
تیروپشکەکە رۆژی 29/8/2024 ئەنجامدەدرێت، دوای دوو رۆژ لەو بەروارە کاتی یارییەکان بڵاودەکرێتەوە.