سەرهەنگ لە پاراستنی گۆڵی نەجەف بەردەوامدەبێت

 
رووداو هەولێر
 
لەکاتێکدا سەرهەنگ موحسین، ئەستێرە و گۆڵپارێزی بەنێوبانگی کورد نزیکبوو لە گەڕانەوە بۆ یانەی هەولێر، بەڵام لە کۆتاییدا گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا شکستیانهێنا و گۆڵپارێزەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ نەجەف نوێکردەوە.
 
سەرهەنگ موحسین لە پەیامێکدا کە لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە نووسیوویەتی "رێككەوتم بۆ نوێكردنەوەی بۆندەكەم لەگەڵ یانەی نەجەف بۆ ساڵی دووەم لەسەریەك، سوپاس بۆ متمانەی دەستەی راهێنەران، سوپاس بۆ هەوڵی بێ وێنەی دەستەی كارگێڕی، سوپاس بۆ پێخۆش بوون و پاڵپشتی هاندەرانی نەجەف. پشتیوان بەخوا ساڵێكی نمونەیی بەڕێ دەكەین."
 
ئەم پەیامەی گۆڵپارێزە کوردەکە لەکاتێکدایە لە دوای ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی دهۆک لە قۆناخی پلەی ئۆفدا بۆ گەیشتن بە جامی کەنداوی یانەکان، سەرهەنگ موحسین بە رووداوی گوت "لەگەڵ یانەی هەولێر لە گفتوگۆدایە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو یانەیە."
 
لە دوای ئەنجامدانی ئەو یارییە گۆڵپارێزەکە گەڕایەوە هەولێر بۆ وەرگرتنی پشوو و بەپێی بەدواچوونێکی دێسکی وەرزشیی رووداو لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا گرێبەستی یانەی نەجەف لای سەرهەنگ موحسین بووە، بەڵام گۆڵپارێزەکە بەهۆی چاوەڕێکردنی یانەی هەولێر گرێبەستەکەی واژۆ نەکردبوو، بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ یانەکەی پێشووی نەگەیشتە رێککەوتن وەڵامی یانەکەی دایەوە و گرێبەستەکەی نوێکردەوە.
 
هەر بەپێی بەدواداچوونەکەی رووداو، یانەی کەربەلا لەسەر هێڵ بوو بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ سەرهەنگ موحسین بکەن، بەڵام گۆڵپارێزە کوردەکە بڕیاری مانەوەیدا لە وەرزی داهاتووشدا بەرگری لە گۆڵی یانەی نەجەف دەکات.
 
لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەجەف، سەرهەنگ موحسین، ئەستێرەی کورد بە رووداوی گوت "لە وەرزی رابردوودا ئەنجامەکان زۆرباشبوون و لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا یانەی نەجەف پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەی بەخۆیەوە نەبینیبوو و دڵخۆشم هاوشێوەی یانەی ئەمانەی بەغدا ئەم یانەیەش بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک متمانەی بەتواناکانم هەبوو و لەسەر ئەو بنەمایەش گرێبەستەکەمان نوێکردەوە و دڵخۆشم بەوەی لە وەرزی نوێشدا لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوامدەبم و هەموو توانایەکم بۆ پاراستنی گۆڵەکەم و پێشاندانی باشترین ئاست دەخەمەگەڕ."
 
سەرهەنگ موحسین ئەزموونێکی زۆری لەسەر ئاستی تۆپی پێی عێراق و ئاسیا هەیە و لە کاروانی یارییکردنیدا بۆ یانەکانی هەولیر، شورتە، ئەمانە بەغدا و نەجەف یارییکردووە.