ئەو گۆڕانکارییەی ناپۆلیی وێرانکرد






رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، دوای بەڕێکردنی وەرزێکی خراپ لە 2023-2024، بۆ وەرزی نوێ دەیەوێت بە گۆڕانکاری گەورەوە بگەڕێتەوە نێو
رکابەرییەکان و دەستپێکی گۆڕانکارییەکانیشی هێنانی ئەنتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری بەنێوبانگی ئیتاڵی بووە.

 

دەستپێکی کێشەکان

لە وەرزی 2022-2023 ناپۆلی دوای ئەوەی نازناوی سێریا ئای بەدەستهێنا، چاوەروانی ئەوەی لێدەکرا، بۆ وەرزی نوێ ئامادەکارییەکی باش بکات، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی وەرزی رابردوو، لۆچیانۆ سپالێتی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەستی لەکارکێشایەوە. 

سپالێتی، راهێنەری پێشووی ناپۆلی، دوای تەواوبوونی وەرزەکە لیستێکی خستە بەردەم ئورێلیۆ دی لاورێنتس، سەرۆکی یانەی ناپۆلی، کە ئەو لیستە پێکهاتبوو لە هێرشبەرێک، دوو یاریزانی هێڵی ناوەراست و بەرگریکارێکی سوپەر، بەڵام لە وەڵامی داواکارییەکانی سپالێتیدا، دی لاورێنتس گوتی'' تەنیا 50 ملیۆن یۆرۆمان هەیە بۆ واژۆکردنی گرێبەست''   

هەر دوابەدوای قسەکانی سەرۆکی یانەکە، راهێنەرە ئیتاڵییەکە، وازی لە راهێنەرایەتیکردنی ناپۆلی هێنا و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا گوتی'' من دەمەوێت تیپێکی نایاب دروستبکەم، بەڵام یانەکە تەنیا ئامانجی گەیشتنە بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

دوای وازهێنانی سپالێتی لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکە، یانەی ناپۆلی 11 یاریزانی تەنیا بە 120 ملیۆن یۆرۆ گواستەوە، 8 یاریزانیشی بە 102 ملیۆن یۆرۆ فرۆشت، واتە یانەی ناپۆلی تەنیا 18 ملیۆن یۆرۆی خەرجکرد لە ماوەی گواستنەوەی 2023-2024.


ناپۆلی وەرزی 2023-2024ـی چۆن دەستپێکرد؟

 
دوای وازهێنانی لۆچیانۆ سپالێتی، یانەی ناپۆلی، رۆدی گارسیای راهێنەری پێشووی یانەی نەسری کردە راهێنەری نوێی یانەکەی، راهێنەرە فەرەنسییەکە لە 16یارییدا سەرپەرشتی یانەکەی کرد، 8 بردنەوە، 4 دۆران و 4 یەکسان بوونی هەبوو. 

دوای ئەنجامە ناجێگیرەکانی گارسیا، کارگێڕیی یانەی ناپۆلی راهێنەری یانەکەیان دوورخستەوە و لە شوێنی ئەو واڵتەر مازاری، راهێنەری ئیتاڵییان بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپەکە راسپارد.

مازاری لەکاتێکدا کرایە راهێنەری ناپۆلی، پارتێنۆپێ لە دۆخێکی ناجێگیر و خراپدا بوو، بۆیەش ئەو لێدوانەی مۆرینیۆ بەبیر هەمووان هاتەوە کە لەبارەی ئەو راهێنەرەوە دەڵێت'' واڵتەر راهێنەرێکی زۆر باشە، ئەگەر تیپێک لە یەکەمی ریزبەندی بێت، دەیباتە دەیەمی ریزبەندی، ئەگەر تیپێکیش لە پلەی کۆتایی ریزبەندی بێت بەهەمان شێوە دەیگەیێنێتە دەیەمی ریزبەند''. 

واڵتەریش، بە هەمان دەردی رۆدی گارسیا چوو، ئەو سەپەرشتی 17 یاریی ناپۆلی کرد، ژمارەی دۆرانەکانی زیاتر بوو لە بردنەوە، لە 8 یارییدا دووچاری شکست بوون، لە 3 یاریشدا وەکهەڤبوون، لە تەنیا 6 یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

پاڵەوان کۆتاییەکی خراپی هەبوو 

پاش ئەزموونە خراپ و چاوەڕواننەکراوەکانی رۆدی گارسیا و واڵتەر مازاری، یانەی ناپۆلی گەرانەوە سەر جێبەجێکردنی بیرۆکەکانی لۆچیانۆ سپالێتی و گرێبەستییان لەگەڵ فرانچێسکۆ کالزۆنا، یاریدەدەری سپالێتی واژۆ کرد کە ئەو لە هەمان کاتدا راهێنەری هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا بوو. 

فرانجێسکۆش، درێژەپێدەری ئەم شکستانە بوو، لە 16 یارییدا تەنیا 3 بردنەوە، 4 دۆران، 9 یەکسانبوونی هەبوو، بەمەش ناپۆلی لە وەرزێکدا سێ راهێنەری گۆڕی و ئەو یانەیەی وەرزێک پێش ئەوە بووە پاڵەوان، وەرزەکەی لە پلەی دەیەم تەواوکرد. 

ناپۆلی چی لە کۆنتی دەوێت؟ 

رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، لە راپۆرتێکدا باس لە پلانەکانی ناپۆلی کرد بۆ کۆنتیی راهێنەری نوێی یانەکە، لە راپۆرتەکەدا دەڵێت، کێشەی وەرزی رابردووی یانەکە، نا هاوسەنگی بوو لە تەکتیکی راهێنەرانی یانەکە، دوای لۆچیانۆ سپالێتی، هیچ راهێنەرێک نەبوو، بەو شێوە هێرشبەرییەی لۆچیانۆ یاریی بکات، رۆدی گارسیا زۆرترین یاری پشتی بە شێوازی یاریکردنی 3-5-2 ، 5-3-2 دەبەست، کە ئەمەش تەواو دوور بوو لەو 4-3-3ـەی سپالێتی لە یانەکەدا پەیڕەوی دەکرد، بەهەمان شێوەی گارسیا، واڵتەر مازاری کە بە یەکێک لە دەروێشەکانی کاتاناچۆی ئیتاڵیا ناسراوە، بەردەوامی دا بەو شێوازە بەرگرییە، بەڵام کارگێریی یانەکە دووبارە هەوڵییاندا بگەڕێنەوە سەر ریچکەی ‌هێرشبەریی سپالێتی، بۆیە گرێبەستییان لەگەڵ فرانچێسکۆ کالزۆنا واژۆکرد.

دوای هەڵبەز و دابەزی زۆر لە وەرزی رابردوودا و ئەو ئەنجامە خراپانەی بەدەستیانهێنا، هاندەرانی یانەکەی باشووری ئیتاڵی چاوەڕێی ئەنجامی باشتر دەکەن، لەکاتێکدا گرێبەستیان لەگەڵ راهێنەرێک کردووە، ئەزموونێکی زۆری لە خولەکەدا و لەسەر ئاستی تۆپی پێی ئەوروپا هەیە و پێشتر لەگەڵ یوڤێنتوس بووەتە پاڵەوانی ئیتاڵیا و لە ئینگلتەراش پرێمەرلیگی بۆ چێڵسی بردووەتەوە، بەڵام پرسیارێک بەبێ وەڵام دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە، کۆنتی هاوشێوەی ئەزموونەکانی دیکەی کارکردنی وەکو راهێنەر، ماوەیەکی درێژ لەسەر کورسی راهێنەرایەتیکردنی پارتێنۆپێ دەبینرێت، یان نا؟.