بەبوونی ئێمباپێ ریال چۆن یارییدەکات؟ ئەنچیلۆتی وەڵامدەداتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، وەڵامی ئەو پرسیارە گەورەیەی دایەوە کە ئێستا هەموو شارەزایانی تۆپی پێی سەرقاڵکردووە، لەبارەی شێوازی یارییکردنی یانەکەیەوە، پاش هاتنی کیلیان ئێمباپێ.
 
کارلۆ باسی لە پلانی تیپەکەی کردووە بۆ وەرزی داهاتوو، لە کاتێکدا کیلیان ئێمباپێ نوێترین یاریزانی یانەکە دەبێت.
 
ئێمباپێ هاوینی ئەمساڵ بەفەرمی بووە یاریزانی ریال مەدرید و لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا، وەک یاریزانی نوێی یانەکە ناسێنرا.
 
شرۆڤەکاران هەڵوەستەی زۆریان لەبارەی شێوازی یاریکردنی ریال مەدریدەوە لە وەرزی داهاتوودا کردووە، بەتایبەت کە تیپەکە چەندین یاریزانی لێهاتوو و بەتوانای لە هێڵی پێشەوە هەیە.
 
هەندێک لە شرۆڤەکاران پێشبینی رۆیشتنی یەکێک لە یاریزانانی پێشەوەی تیپەکە کردبوو، بەتایبەت باس لە ئەگەری نزیکی چوونە دەرەوری رۆدریگۆ دەکرا لە یانەکە، بەڵام کارلۆ ئەنچیلۆتی داخستنی بازاڕی گواستنەوەی تیپەکەی راگەیاند و گوتی، ئیدی هیچ یاریزانێکی نوێ نایەت و هیچ یاریزانێکیش لە تیپەکە ناچێتە دەرەوە.
 
لە هاوینی ئەمساڵدا، جیا لە ئێمباپێ، ریال مەدرید گرێبەستی ئیندریکی هێرشبەری بەرازیلیشیی راگەیاندووە، جیا لە گەڕانەوەی خیسۆس ڤاییخۆی بەرگریکەر بۆ یانەکە.
 
راهێنەری ریال مەدرید دەڵێ، "ماوەی ئامادەسازییەکانمان هەندێک ئاوارتە بوو، چونکە ژمارەیەک یاریزانمان هێشتا نەگەڕاونەتەوە. هەڵسەنگاندنی باشمان بۆ یاریزانە لاوەکانی ئەکادیمیاکەمان کرد، ئەوانەی دەگەڕێنەوە بەئامادەییەکی باشەوە دێنەوە".
 
ریال مەدرید ئەمساڵ چاوی لە نازناوی ژمارە 16ی چامپیۆنزلیگە، پاشئەوەی وەرزی رابردوو بۆ پانزەیەمینجار لە مێژووی خۆیدا ئەو نازناوەی بردەوە.
 
راهێنەری یانەکە دەڵێ، "لە راستیدا هیچ هەست بەدوودڵی ناکەم، چونکە پێکهاتەیەکی ناوازەمان لە هەموو شوێنەکانی یارییکردندا هەیە. کیلیان ئێمباپێش هاتووە کە یاریزانێکی نایابە و وەک پێشتریش گوتوومە، ماوەی زۆرمان نییە بۆ ئامادەسازیی یەکەم یاریی فەرمیمان، بەڵام یاریزانەکانمان بەدۆخێکی باشەوە دەگەڕێنەوە. پلانی دەستکردنی بەمەشقیان هەیە، 15 رۆژ بەر لە گەڕانەوەیان".
 
لەبارەی پلانی یارییکردنی تیپەکەیەوە بۆ وەرزی داهاتوو و بەهاتنی کیلیان ئێمباپێ، ئەنچیلۆتی دەڵێ، "پێموایە بەبوونی ئێمباپێ شێوازی یارییکردنمان 4 -3 -3 دەبێت، یان 4 -4 - 2، هیچ جیاوازیی نییە، چونکە وەرزی رابردووش هەمان شتمان کرد. ئێستا ئێمە پێکهاتەیەکی دەوڵەمەند بەتوانای یارییکردن بەشێوازی جیاوازمان هەیە".
 
میستەر کارلۆ، لەبارەی بەشداریکردنی کیلیان ئێمباپێ، لە یاریی جامی سوپەری ئەوروپا، دەڵێ، "هێشتا جامی سوپەر دوورە. ئێمە دەبێ چاومان لەسەر ئەوەبێت کە هەمانە. کۆرتوامان هەیە، مۆدریچ، سیبایۆس،ئاردا گولەر و ئیندریک، تیپەکەمان رکابەریە و ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی یارییەکە".
 
ریال مەدرید ئەمساڵیش بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ چووەتە ئەمریکا، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە کاژێر 03:30 بەرامبەر میلان یاریی دەکات، دوای ئەوە بەرەبەیانی رۆژی 4-8-2024 لە کلاسیکۆدا رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە، پاشان لە بەرەبەیانی رۆژی 7ـی هەمان مانگ بەرامبەر یانەی چێڵسی یاریی دەکات و دوای ئەوەش خۆی بۆ جامی سوپەری ئەوروپا ئامادەدەکات، کە رۆژی 14-8-2024 لە وارشۆی پۆڵەندا رووبەڕووی ئاتالانتای ئیتاڵی دەبێتەوە.