سعودیە یاریگەیەکی سەرسوڕهێنەر دروستدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سعودیە لە ئێستاوە خۆی بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2034 ئامادەدەکات و هەنگاوەکانی بۆ دروستکردنی یاریگەیەکی تەواو جیاواز دەستپێدەکات.
 
کۆمەڵەی رۆشن کە سەر بە سندووقی وەبەرهێنانی سعودیەیە بەشێوەیەکی فەرمی دروستکردنی یاریگەیەکی نوێی راگەیاند، کە یاریگەیەکی تەواو جیاواز و سەرنجڕاکێش دەبێت.
 
کۆمەڵەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "دڵخۆشین بەوەی دروستکردنی یاریگەی رۆشن رادەگەیێنین، کە یاریگەیەکی وەرزشی سەردەمیانەی زۆر سەرنجڕاکێشە و بە دیزانێکی سەردەمیانەی زۆر جیاواز دروستدەکرێت."
 
یاریگە نوێیەکەی سعودیە لەسەر رووبەری 450 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستدەکرێت و لە باشووری رۆژئاوای شاری ریازی پایتەخت دەبێت، جگە لەوەی یاریگەی تۆپی پێیە، کۆمەڵێک رێستورانت، مۆزەخانە و شوێنی گەشتیاریی تێدا دەبێت بۆ ئەوەی هاندەران لە کاتی چوونیان بۆ یاریگەکە سوودی لێ ببینن.
 
یاریگەکە شوێنی 45 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، بەڵام هێشتا بەتەواوی تێچووی یاریگەکە و کاتی تەواوکردنی کارەکانی بەتەواوی دیارنییە.
 
سعودیە چەند رۆژێک لەمەوبەر بەشێوەیەکی فەرمی دۆسێی میوانداریکردنی مۆندیالی 2034ـی پێشکێشی فیفا کرد و بە ئەگەری زۆرەوە ئەو مۆندیالە لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت و دەبێتە دووەم وڵاتی عەرەبی لە دوای قەتەر میوانداریی رکابەرییەکانی جامی جیهان بکات.

 
سعودیە بە تەواوکردنی کارەکانی ئەم یاریگەیە دەبێتە خاوەنی یاریگەیەکی دیکەی گەورە و سەرنجڕاکێش، لەکاتێکدا یاریگەی شا سەلمان 92 هەزار هاندەر دەگرێت، یاریگەی میر محەممەد بن سەلمان، یاریگەی رۆشن و یاریگەی مرەبعیش شوێنی 45 هەزار هاندەریان تێدا دەبێتەوە.