رووداوە سەیرەکانی ئۆڵیمپیاد.. لە لێدانی پۆلیسەوە بۆ دەرکردن بەڕووتی


رووداو دیجیتاڵ

بەپەلاماردانی پۆلیس و لێدانی لەلایەن راهێنەرێکەوە، زنجیرەی رووداوە سەرنجڕاکێشەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس درێژەیان کێشا، لە کاتێکدا رۆژانی رابردوو، هەواڵی سەیروسەمەرە لەبارەی ئۆڵیمپیادەوە بڵاوبوونەوە.
 
یارییە ئۆڵیمپییەکانی پاریس 2024، کە کەمتر لە هەفتەکە دەستیانپێکردووە، رووداوی سەرنجڕاکێش و پێشبینینەکراوی زۆریان تێدایە. لە نوێترین رووداودا، راهێنەری یەکێک لە تیپەکان پەلاماری پۆلیسیدا، هاوکات ئەو خانمە مەلەزانە بەرازیلییەی لە پاڵەوانێتییەکە دوورخرایەوە، دەڵێ بەنیمچەڕووتی بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێیان کردم.
 
پەلاماردانی پۆلیس
 
گیوم بیرجی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەلەمی کانۆی کایاکی فەرەنسایە و تەمەنی 33 ساڵە، لەلایەن پۆلیسەوە دەسگیرکرا، پاشئەوەی وەک پۆلیس دەڵێ، کارێکی نایاسایی ئەنجامداوە.
 
رۆژنامەی 'لوپاریزیان'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، راهێنەرەکە هەڵسوکەوتێکی نایاسایی کردووە (سەرچاوەکان گوتوویانە لە شوێنێکی گشتیدا میزی کردووە)، پۆلیس دەستگیریانکردووە، بەڵام ئەو لە کاتی گرتنەکەدا رووبەڕووی پۆلیس بووەتەوە و تەنانەت پەلاماری یەکێکی داوە و بەبۆکس لە پۆلیسەکەی داوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ هەر ئەوەندە نەبووە، بەڵکو بیرجی هەر لەکاتی گرتنەکەیدا پەلاماری دوو پۆلیسی دیکەشی داوە، بەبۆکس لەسەر و دەمیانی داوە، هەر بۆیە پۆلیس ناچاربووە بۆ کۆنترۆڵکردنی، دەمانچەی کارەبایی لە سێ شوێندا لە دژی بەکاربهێنێت و پاشان دەستگیری بکات و بیباتە بەندیخانە.
 
رەگەزپەرستی لە ئۆڵیمپیاد
 
ئامیس ویلسۆن هاردی، خانمە یاریزانی رەگبی هەڵبژاردەی بەریتانیا، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، پاشئەوەی بەرەگەزپەرستی تۆمەتبارکرا.
 
ئەو خانمە لە واتسئاپ نامەیەکی ناردووە کە باکگراوندی رەگەزپەرستانەی هەیە. رۆژنامەی 'زە سەن'ی بەریتانی دەڵێ، لە نامەکەدا ئەو یاریزانە نووسیویەتی، "وابزانم هەلی ئەوەم دەبێت ماسکێکی رەشی جوان بۆ دەموچاوم بکەم، پێموایە بەڕەشی هەلی باشترم هەیە".
 
رۆژنامەکە لە زاری گوتەبێژی لیژنەی ئۆڵیمپیی بەریتانییەوە گوتوویەتی، لێکۆڵینەوە لە نامەکەی ئەو یاریزانە بەردەوامە.
 
"بەنیمچەڕووتی دەرکرام"
 
لیژنەی ئۆڵیمپیی بەرازیل، ئانا کارۆلینا ڤیێرای کچە مەلەوانی لە شاندی وڵاتەکەی دوورخستەوە، رێگەینەدا درێژەبەڕکابەری بدات و رەوانەی بەرازیل کرایەوە، پاشئەوەی دەرکەوت لەگەڵ کوڕە هاوڕێکەیدا ژووانی هەبووە و چووەتە دەرەوەی گوندی ئۆڵیمپی.
 
کارۆلینای 22 ساڵ، تۆمەتباکراوە بەلادان لە رێکارییەکانی لیژنەی ئۆڵیمپیی بەرازیل، پاشئەوەی لەگەڵ کوڕە هاوڕێکەیدا گەشتی بۆ تاوەری ئیفڵ کردووە.
 
کارۆلینا پاشگەڕانەوەی بۆ بەرازیل، لە لایڤێکدا بەگریانەوە باسی دۆخی خۆیکرد و گوتی، چەندینجار لیژنەی ئۆڵیمپیی بەرازیلی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە لە گوندی ئۆڵیمپی لەلایەن کەسانێکەوە  دەستی بۆبراوە، بەڵام گوێیان لێنەگرتووە.
 
کارۆلینا هەروەها دەڵێ، لە دوای بڕیاری دوورخستنەوەکەم، تەنانەت رێگەیاند نەدام کەلوپەلەکانم کۆبکەمەوە و بەزۆر بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێیانکرد، تەنانەت نەیانهێشت جلوبەرگی رێکوپێکیش لەبەربکەم و بەنیمچەڕووتی و بەشۆرتەوە خۆم لە فڕۆکەخانە بینییەوە.