لە گۆڵکاری چامپیۆنزلیگەوە بۆ ئۆڵیمپیاد

 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی تۆپی پێی پیاوان لە ئۆڵیمپیادی پاریس کۆتاییهاتن، درەوشاوەترین یاریزانی نێو رکابەرییەکە تاوەکو ئێستا سوفیان رەحیمی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی مەغریبە.
 
هەڵبژاردەی مەغریب لە رکابەرییەکەدا، لە کۆمەڵەی سێیەم بوو، دوو یاریی بەرامبەر هەریەکە لە ئەرجەنتین و عێراق بردەوە و یارییەکیشی بەرامبەر ئۆکراینا دۆڕاند، بەمەش هەڵبژاردەکە بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی رکابەرییەکە.
 
ئەوەی بۆ هەمووان لە رکابەرییەکانی تۆپی پێی ئۆڵیمپیاددا جێگەی سەرنجە، ئەو ئاستەبەرزەیە کە سوفیان رەحیمی، هێرشبەری هەڵبژاردەی مەغریب و یانەی عەینی ئیماراتی پێشکێشی دەکات، کە ئێستا یاریزانەکە 4 گۆڵی تۆمارکردووە و پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکارانی ئۆڵیمپیادی گرتووە.
 
رەحیمی لە یاریی یەکەمی هەڵبژاردەی مەغریبدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوو گۆڵی تۆمارکرد، بەرامبەر ئۆکراینا گۆڵێک و بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراقیش گۆڵێکی تۆمارکرد، بەمەش بووە یەکەم یاریزان لە سێ یاریی لەسەریەکی ئۆڵیمپیاددا گۆڵ تۆماربکات.
 
سوفیان رەحیمی بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ لە قۆناخی کۆمەڵەکانی ئۆڵیمپیاددا ژمارەیەکی پێوانەیی شکاند کە 52 ساڵە نەشکێنراوە و بووە یەکەم یاریزانی مەغریبی لە ئۆڵیمپیاددا 4 گۆڵی تۆمارکردبێت، پێشتر ئەحمەد فەرس لە ئۆڵیمپیادی 1972 لە میونشن 3 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکە تۆمارکردبوو.

 

 
هێرشبەری هەڵبژاردەی مەغریب، بە تۆمارکردنی ئەو 4 گۆڵەی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی ئۆڵیمپیاددا تۆماریکرد، بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێی عەرەبیدا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی ئۆڵیمپیاددا پێشەنگی گۆڵکارانی رکابەرییەکە بگرێت، جگە لەوەش پێشتر هیچ یاریزانێک لەسەر ئاستی عەرەبی نەیتوانیووە 4 گۆڵ لە یارییەکانی ئۆڵیمپیاددا تۆماربکات.
 
سوفیان رەحیمی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیاوە بۆ خەونی بردنەوەی ئۆڵیمپیادی پاریس
 
رەحیمی وەرزێکی نموونەیی و لەبیرنەکراوی لەگەڵ یانەی عەینی ئیماراتی بەڕێکرد، لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا ئاستی یاریزانەکە گەیشتە لووتکە و توانیی سەرکردایەتیی یانەکەی بکات بۆ بردنەوەی دووەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژووی خۆیدا.
 
لە پاڵەوانێتییەکەدا سوفیان رەحیمی 13 گۆڵی تۆمارکرد، بووە گۆڵکاری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا و دوو گۆڵی لە یاریی کۆتایی بوو.
 
ئەوەی زیاتر یاریزانەکەی بە هەمووان ناساند، ئەوەبوو کاتێک بەرامبەر هەردوو یانەی نەسڕی سعودی و هیلالی سعودی، بەرامبەر هەریەکەیان 3 گۆڵی تۆمارکرد و بووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دوورخستنەوەی تیپەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و نەیمار داسیلڤا لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا و دوای ئەوەش بەرامبەر یانەی یۆکۆهاما مارینۆسی ژاپۆنی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا دوو گۆڵی تۆمارکرد.
 
ئاستبەرزیی ئەو یاریزانە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و نرخی یاریزانەکەشی لە 5 ملیۆن یۆرۆوە بۆ 8 ملیۆن یۆرۆ بەرزکردەوە و ئێستا ئەو لەنێو یاریزانە مەغریبییەکاندا 21ـەم گرانترین یاریزانە.

 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە رەحیمی بە ئاستێکی زۆر بەرزەوە دەردەکەوێت چاوەڕواندەکرێت بەهۆی ئۆڵیمپیادەوە یاریزانەکە دەستەوارەی زۆری پێشکێشبکرێت.
 
دوای بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ یانەی عەینی ئیماراتی و بوون بە گۆڵکار، هەر زوو ناوی یاریزانەکە بە هەردوو یانەی نەسڕ و ئیتیحادی سعودیەوە بەسترایەوە، بەڵام یاریزانەکە چاوی لە دەستەوارەیەکی ئەوروپییە بۆ ئەوەی کاروانەکەی بباتە دەرەوە.

 
سوفیان رەحیمی تەمەنی 28 ساڵە، ساڵی 2021 لە یانەی رەجائی مەغریبییەوە بەرامبەر 2.5 ملیۆن یۆرۆ چووەتە یانەی عەین، گرێبەستەکەی لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 8 ملیۆن یۆرۆ.