چەند پەیامێکی گرنگ و کاریگەر لە ئەنچێلۆتییەوە بۆ هاندەرانی ریال مەدرید

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەڵێت "ئێستا ئێمە خاوەنی تیپێکی زۆر نایابین و ئێندریکیش بەرامبەر میلان یاریی دەکات."
 
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، یانەی ریال مەدرید لە یارییەکی دۆستانەدا بەرامبەر یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی یاریی دەکات، بەر لەو یارییە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانە مەدریدییەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی دوودڵە لە قۆناخی ئامادەکارییەکاندا، لەکاتێکدا بەشێکی ئەستێرەکان ئامادەنین؟ گوتی "من دوودڵ نیم، ئێمە خاوەنی پێکهاتەیەکی نایابین لە هەموو هێڵەکاندا، هەروەها گرێبەستمان لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ کردووە، ئەو یاریزانێکی نایابە، لە راستیدا کاتێکی زۆرمان نەبوو بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یاریی یەکەم، بەڵام یاریزانەکان گەڕانەوە و بارودۆخەکە باشە، چونکە ئێمە بەرنامەیەکمان هەیە دوو هەفتە بەر لە وادەی گەڕانەوەیان دەستیپێکردووە، گرنگترین شت بەلای ئێمەوە ئەوەیە بەباشی بۆ وەرزێکی درێژ ئامادەبین، رۆژی 17-8 کۆمەڵەکە تەواو دەبێت و هەموومان بۆ دەستپێکی وەرز ئامادەدەبین."
 
ئەنچێلۆتی باس لە نەمانی تۆنی کرووس لە یانەکەدا دەکات و دەڵێت "نیگەرانین لەوەی بیری کرووس دەکەین، بەڵام هەموو توانایەکمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی جیاواز قەرەبووی بکەینەوە، چونکە هیچ یاریزانێکی دیکە بەو کوالێتییەی کرووس نییە کە لە هەموو دۆخەکاندا بتوانێت هاوکاری بکات، بەڵام چەند بژاردەیەکی دیکەمان هەیە."
 
پرسیارێک لە ئەنچێلۆتی کرا، ئایا پلانی دیکەیان هەیە بۆ گواستنەوە یان فرۆشتنی یاریزان لەم گواستنەوەیەدا؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "نەخێر، پێکهاتەکەمان تەواوە، هیچ پلانێک نییە بۆ گواستنەوەی یاریزانی دیکە، ئێمە چاوەڕێی گەڕانەوەی خیسوس ڤایێخۆ و دەیڤد ئالابا دەکەین، لەگەڵ ئەوەش یاریزانی لاو لەگەڵ ئێمە مەشق دەکەن کە توانایەکی بەرزیان هەیە، بۆیە ئەم تیپەمان بەسە، بەتایبەت دوای گەڕانەوەی ئالابا، لە هەمان کاتدا پلان نییە بۆ رۆیشتنی هیچ یاریزانێک و هەمووان دەیانەوێت بمێننەوە."
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە، باس لە هاتنی ئێندریک، هێرشبەری نوێی یانەکەی دەکات و دەڵێت "هەفتەیەکی پڕ هەست و سۆز بوو بۆ ئەو، یاریزانێکی زۆر بچووکە و توانایەکی زۆر گەورە و مەترسیداری هەیە، ئەو لەگەڵ تیپەکە زۆر پێشدەکەوێت، ئێمە داواکاریی زۆرمان لێی نەکردووە، چونکە هەفتەی یەکەمە، 45 خولەک بەشداری لە یارییەکەدا دەکات و زۆر دڵخۆشین کە لەگەڵمانە."
 
ریال مەدرید هاوشێوەی چەند ساڵی رابردوو، ئەمجارەش بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ چووەتە ئەمریکا، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە کاژێر 03:30 بەرامبەر میلان یاریی دەکات، دوای ئەوە بەرەبەیانی رۆژی 4-8-2024 لە کلاسیکۆدا رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە، پاشان لە بەرەبەیانی رۆژی 7ـی هەمان مانگ بەرامبەر یانەی چێڵسی یاریی دەکات و دوای ئەوەش خۆی بۆ جامی سوپەری ئەوروپا ئامادەدەکات، کە رۆژی 14-8-2024 لە وارشۆی پۆڵەندا رووبەڕووی ئاتالانتای ئیتاڵی دەبێتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە