دێمبلی و بارسێلۆنا.. کامیان خیانەتی لەوەی دیکە کردووە؟

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی فەرەنسی، نهێنی کودەتاکەی عوسمان دێمبلی، ئەستێرەی فەرەنسی بەسەر یانەی بارسێلۆنادا ئاشکراکرد، کە بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا بڕیاریداوە لە میرکاتۆی ئەم هاوینەدا بچێتە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
 
ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانییە باس لەوە دەکات کە دێمبلی بەڕاستی رەزامەندی نیشانداوە بۆ چوونە ریزەکانی پاریس سانجێرمان، ئەویش بە کاراکاردنی مەرجی سزایی گرێبەستەکەی، کە 50 ملیۆن یۆرۆیە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دێمبلی بەنیازی مانەوە بووە لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، بەڵام دوای ئەوەی بە پێشنیازی یانە کەتەلۆنییەکەی زانیوە بۆ گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، هەستی بە خیانەت کردووە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، دێمبلی زانیویەتی کە بارسێلۆنا پێشنیازی ئەوەی بۆ پاریس سانجێرمان کردووە، دێمبلی و گاڤی بداتێ لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە ئێمباپێ، بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا درێسی بارسا لەبەربکات.
 
روونیشیکردووەتەوە، ئەم بابەتە بڕیارەکەی عوسمان دێمبلی گۆڕیوە، کە بڕیاریداوە لە هاوینی ئەمساڵدا بچێتە پاریس سانجێرمان.
 
دێمبلی وەرزی رابردوو 35 یاری لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامدا، کە تیایاندا 8 گۆڵی تۆمارکرد و 9 ئاسیستیشی هەبوو.
 
عوسمان دێمبلی، تەمەن 26 ساڵ، لە هاوینی 2017 لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆناوە کرد.