ڤیدیۆ؛ پاڵمێراس گەیشتە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولی بەرازیل

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاڵمێراس 3 خاڵی زۆر گرنگی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولی تۆپی پێی بەرازیل.
 
پاڵمێراس بووە میوانی ئەمریکا مێنێرۆ و بە ئەنجامی 4-1 لێیبردەوە.
 
لە خولەکی 18 پاڵمێراس دەستپێشخەری کرد و لە رێگەی موریلۆوە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 26 پاڵمێراس لەلایەن روونیلسۆن باربۆساوە بووە خاوەنی گۆڵی دووەم و باربۆسا لەسەر شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێڕا.
 
شەش خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، یانەی خاوەن یاریگە لە رێگەی نیکۆلاس ڤیکیاتۆوە گۆڵێکی تۆمارکرد و جیاوازییەکەی کەمکردەوە.
 
لە نیوەی دووەمدا پاڵمێراس دوو گۆڵی دیکەی تۆمارکرد، کە لە خولەکی 53 ئارتۆر گۆڵی سێیەمی کرد و لە خولەکی 59 روونیلسۆن باربۆسا گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەکەی تۆمارکرد.
 
بەم سەرکەوتنە، پاڵمێراس بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ فلامینگۆی سێیەم، پلەی دووەمی گرتووە، ئەمریکا مێنێرۆش 10 خاڵی هەیە و پلەی نۆزدەم و پێشکۆتایی ریزبەندی گرتووە.