ڤیدیۆ؛ خانمێک بە 90 رۆژ گەیشتووەتە سەر 14 بەرزترین لووتکەچیای جیهان

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی شاخەوانانی پاکستان رایگەیاند، کریستین هارێلا، خانمە شاخەوانی نەرویجی و رێبەرە نیپاڵییەکەی، تێنگین شێرپا، ریکۆردێکی نوێیان لە وەرزشیی سەرکەوتن بەسەر شاخەکاندا تۆمارکرد.
 
خانمە شاخەوانە بەنێوبانگەکەی نەرویج، لە ماوەی 92 رۆژدا توانیویەتی بگاتە سەر 14 بەرزترین لووتکەچیای جیهان.
 
کەرار حەیدەری، سکرتێری یانەی ئالپی پاکستانی رایگەیاند، سەرجەم ئەو چیایانەی کە ئەو خانمە گەیشتووەتە سەر لووتکەکانیان، بەرزایی هیچ یەکێکیان لە 8 هەزار مەتر کەمتر نەبووە (نزیکەی 26 هەزار پێ).
 
خاوەنی ژمارەی پێوانەیی پێشوو، نیرمال پورگا، شاخەوانی بەریتانی لەدایکبووی نیپاڵ بوو، کە لە ساڵی 2019 لە ماوەی 189 رۆژدا گەیشتە سەر 14 لووتکەچیا.
 
کریستن هارێلا، لەو بارەیەوە گوتی "بەڵێ، زۆر دڵخۆشم کە توانیمان کارەکە بەئەنجام بگەینین و پێکەوە تەواومان کرد. زۆر باشە کە بەهاوبەشی لەگەڵ لامادا ریکۆردەکەمان تۆمارکرد. بەڵێ زۆر دڵخۆشم کە هەموومان سەلامەتین، هەموو تیمەکە سەلامەتە، زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەو کارانەی سێڤین سمێت کردوویەتی". 
 
ئەو خانمە زیاتر گوتی "سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی سپۆنسەرمان بوون و هەموو ئەوانەی هانیان داوین. ئەو ریکۆردە لەگەڵ لامادا دابەش دەکەم، بۆیە دوو کەس بەشدارین لەم ریکۆردەدا. هەروەها بەشی دەکەین لەگەڵ ماڵ و خێزان و هاوڕێکانانمان".