چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ پاریس گورزێکی گەورە لە بارسێلۆنا بدات

31-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا پاریس سانجێرمان گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمان هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی عوسمان دێمبێلی، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی بارسێلۆنا چڕکردووەتەوە و ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ ئەوەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بشکێنێت و یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، عوسمان دێمبێلی ماڵئاوایی لە بەشێکی یاریزانەکانی یانەی بارسێلۆنا کردووە و بە پاریس سانجێرمانی گوتووە بەڵێ، بۆ ئەوەی کاروانی یارییکردنی داهاتووی بباتە خولی فەرەنسا و لەو یانەیە یاریی بکات.
 
دێمبێلی گڵۆپی سەوزی بۆ پاریس سانجێرمان هەڵکردووە، بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە لەگەڵ پاریس سانجێرمان گەیشتووەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی عوسمان بۆ 5 ساڵ لە بارسێلۆناوە پەیوەندی بە ریزەکانی یانە فەرەنسییەکەوە بکات، پاریس سانجێرمانیش بە نووسراوێکی فەرمی بارسێلۆنای ئاگادارکردووەتەوە و ئێستا یانەکە دەیەوێت بەباشترین رێگە گرێبەستەکە تەواوبکات و عوسمان دێمبێلی بباتە ریزەکانی.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "بارودۆخەکە ئاڵۆزە، چاڤی چیدیکە نایەوێت هیچ هەڵوێستێک لەبارەی ئەو پرسەوە پێشانبدات، لە دوای بردنەوەی کلاسیکۆی دۆستانەش گوتی دەبێت دێمبێلی خۆی بڕیار بدات لە کوێ یارییدەکات."
 
رۆژنامەکە نووسیوویەتی "عوسمان بڕیارییداوە بچێتە پاریس سانجێرمان، لە بارسێلۆنادا هەستێکی نەرێنی هەیە و لە ئەگەری رۆیشتنی یاریزانە فەرەنسییەکە قەرەبووکردنەوەی لەم هاوینەدا زۆر زەحمەت دەبێت."
 
تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمشەو، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی عوسمان دێمبێلی 50 ملیۆن یۆرۆیە، لە دوای ئەو وادەیە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دوو هێندەی لێدێت و دەبێتە 100 ملیۆن یۆرۆ، پاریس سانجێرمان دەیەوێت سوود لەو چەند کاژێرە وەربگرێت کە لە بەردەمی ماون و یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
 
پاریس سانجێرمان لە ماوەی تەنیا 24 کاژێردا بارودۆخی بارسێلۆنای بەتەواوی تێکدا، کاتێک بڕیارییدا بیر لە گواستنەوەی دێمبێلی بکاتەوە، ئەمەش لەسەر داوای لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانە فەرەنسییەکەیە بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا پڕۆژەیەکی نوێ دروستبکات و تیپێکی رکابەری لەسەر ئاستی ئەوروپا هەبێت.
 
عوسمان دێمبێلی تەمەنی 26 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە هاوینی ساڵی 2024 کۆتاییدێت، ئێستا یاریزانەکە لە هەموو کاتێک زیاتر نزیکە لەوەی ماڵئاوایی لە بلاوگرانا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە