دوایین هەوڵی مان یونایتد بۆ گواستنەوەی دییۆنگ

 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتد دوایین هەوڵی خۆی بۆ گواستنەوەی فرێنکی دییۆنگ، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا دەدات.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت " کارگێڕیی مانچێستەر یونایتد دەستەوارەیەکی ئامادەکردووە کە دییۆنگ نەتوانێت رەتیبکاتەوە، دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکەی بارسێلۆناش لە ئەمریکا گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە دەکات.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی میرەر، بارسێلۆنا دەیەوێت ئەو یاریزانە لە یانەکە بڕوات بۆ ئەوەی بتوانێت یاریزانە نوێیەکانی تۆماربکات، بەڵام یانەکە 17 ملیۆن پاوەندی دییۆنگ قەرزارە و پێشتر بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە بە کارگێڕیی بارسێلۆنای گوتووە پێویستە مافەکانی دییۆنگ بدەن.
 
مانچێستەر یونایتد بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە ئامادەیە زۆرترین مووچە لە تیپەکەیدا بداتە دییۆنگ.
 
ماوەیەکی زۆرە ناوی یاریزانەکە بە مانچێستەر یونایتدەوە بەستراوەتەوە، بەڵام دییۆنگ نایەوێت لە یانەی بارسێلۆنا بڕوات، هەرچەند کارگێڕیی یانەکە کەتەلۆنییەکە داوای لێکردووە مووچەکەی کەمبکاتەوە ئەگەر بیەوێت بمێنێتەوە.