ریال مەدرید بەهادارترین یانەی جیهانە

 
رووداو دیجیتاڵ

گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی لیستی بەهادارترین یانەکانی جیهانی بڵاوکردەوە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پلەی یەکەمی ریزبەندەکەی گرتووە.
 
گۆڤارەکە ئەمڕۆ لیستی نوێی بەهادارترین یانە وەرزشییەکانی لەسەر ئاستی جیهان بڵاوکردەوە و دەڵێت "لە چاو ساڵی رابردوو 2.5٪ بەهای یانەکان بەرزبووەتەوە هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەهای کۆمپانیاکان بەرزبووەتەوە و کاریکردووەتە سەر تیپەکانیش.
 
لە 10 پلەی یەکەمی بەهادارترین یانەکانی جیهان، تەنیا یەک یانەی ئەڵمانی و یەکێکی فەرەنسی، دوو یانەی ئیسپانی دەبینرێن و 6 یانەی ئینگلیزی لە ریزبەندەکەدا ناویان هەیە.
 
بەپێی لیستە نوێیەکە، ریال مەدریدی ئیسپانی و خاوەنی 14 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بەهادارترین یانەی جیهانە کە بەهاکەی دەگاتە 6.07 ملیار دۆلار.
 
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی کە لە بەنێوبانگترین یانەکانی جیهانە و خاوەنی ژمارەیەکی زۆری هاندەرە لەسەر ئاستی جیهان، بەهاکەی 6 ملیار دۆلارە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی لیستەکەیە.
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی پلەی سێیەمی ریزبەندی بەهادارترین یانەکانی جیهانی گرتووە و بەپێی لیستە نوێیەکە بەهاکەی دەگاتە 5.51 ملیار دۆلار.
 
ریزبەندی بەهادارترین 10 یانەی جیهان بەمشێوەیەیە
 
1- ریال مەدرید 6.07 ملیار دۆلار
2- مانچێستەر یونایتد 6 ملیار دۆلار
3- بارسێلۆنا 5.51 ملیار دۆلار
4- لیڤەرپوول 5.29 ملیار دۆلار
5- مانچێستەر سیتی 4.99 ملیار دۆلار
6- بایرن میونشن 4.86 ملیار دۆلار
7- پاریس سانجێرمان 4.21 ملیار دۆلار
8- چێڵسی 3.1 ملیار دۆلار
9- تۆتێنهام 2.8 ملیار دۆلار
10- ئارسیناڵ 2.26 ملیار دۆلار