ڤیدیۆ؛ جیهان چاوەڕێی رووداوێکی گەورەی وەرزشی دەکات

31-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یۆرۆپالیگ
یۆرۆپالیگ
نیشانەکردن یۆرۆپالیگ
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێرە بوداپێستە، ئەو شارەی ئەگەر کۆرۆنا بۆ هەموو جیهان نەگبەتی بووبێت بۆ ئەوان بووەتە دەرگای خێرێکی گەورە و زۆر.
 
لێرە هەموو رەنگەکان بوونەتە رەنگی یەک پاڵەوانێتی و دوو لۆگۆ، یانەی رۆمای ئیتاڵی و سێڤییای ئیسپانی، هەمووان لە چاوەڕوانی ئەوەدان ئەمشەو کامیان لە شارەکەدا ئاهەنگ بۆ بردنەوەی نازناوێکی کیشوەری دەگێڕێت کە یۆرۆپالیگە.
 
ژمارەیەکی زۆری هاندەری هەردوو یانە لە ئیتاڵیا و ئیسپانیاوە چوونەتە هەنگاریا، لە هەموو شوێنەکانی شارەکە خەڵکێکی زۆر سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنە بۆ یارییەکە و چوون بۆ نێو یاریگە، هاندەران بە رەنگی تیپە دڵخوازەکانیان خۆیان ئامادەدەکەن و بەر لەوەی یانەکانیان رکابەری لەسەر بردنەوەی جامەکە بکەن، ئەوان وێنەی یادگاری لەگەڵ دەگرن.
 
یاریگەی پوشکاش ئارێنا ئەمشەو میوانداریی هەردوو یانە ئیتاڵی و ئیسپانییەکە دەکات، یەکێکیان دەبێتە پاڵەوان و ئەوەی دیکەشیان بە دڵتەنگییەوە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.
 
یاریگەی پوشکاش ئارێنا، یاریگەیەکی سەرنجڕاکێش و جوانە و بۆ هەنگارییەکان وەک سیمبولێکی مێژوویی دەمێنێتەوە، یاریگەکە لە ساڵی 2019 کراوەتەوە، 533 ملیۆن یۆرۆی تێچووە، تاوەکو بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا یاریگەکە یاریگەیەکی ئاسایی بوو، بەڵام دوای کۆرۆنا بووە ناوێکی دیار و کاتێک جیهان بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕی، ئەم دەرگای خێری بەڕوودا کرایەوە و زۆرترین یاریی چامپیۆنزلیگی تێدا ئەنجامدرا.
 
ئەمە دووەم یاریی کۆتاییە لەسەر ئاستی کیشوەری لە یاریگەکەدا بکرێت، پێشتر لە 2020 یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئەوروپای تێدا کرا و ئەو کاتە سێڤییا بە بایرن میونشن دۆڕا، ئەمشەو یانە ئیسپانییەکە نایەوێت لە هەمان یاریگە و هەمان شار دووەم نازناوی کیشوەریی لەدەستبچێت، بەتایبەت کە بردنەوەی نازناوەکە ئەوان دەگەیێنێتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە