دیبالا نهێنیی سەرکەوتنی مۆرینیۆ ئاشکرا دەکات

31-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پاولۆ دیبالا جۆزێ مۆرینیۆ یانەی رۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاولۆ دیبالا، ئەستێرەی یانەی رۆمای ئیتاڵی، نهێنی سەرکەوتن و درەوشانەوەی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەکەی ئاشکراکردووە.
 
پێشبینیکراوە دیبالا ئەمشەو ئامادەبێت بۆ یاریکردن لەگەڵ یانەی رۆما لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ بەرامبەر یانەی سێڤییای ئیسپانی.
 
دیبالا کە ئەمساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نازناوی مۆندیالی 2022ی بەدەستهێنا، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێ، "هەمووان جۆزێ دەناسن، هەمووان دەیانەوێت ئەو لە نزیکەوە ببینن، ئەو راهێنەرێکی نایابە، لەگەڵ یاریزانان و کارگێڕییەکاندا زۆر دادپەروەرانە کاردەکات. بەبڕوای من هەر ئەوەش نهێنی سەرکەوتنی ئەوە، هەمووان کاتێک لەگەڵ ئەودا کاردەکەن، هەست بەبایەخی بوونی خۆیان دەکەن".
 
دیبالا زیاتر دەڵێ، "پێویست بەوە ناکات باسی ئەزموونی جۆزێ بکەین، سەرکەوتنەکان باشترین راستیمان لەبارەیەوە پێدەڵێن".
 
رۆما ئەمشەو لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆدا لەبەردەم بەدەستهێنانی دووەم نازناوی ئەوروپییە لە مێژووی خۆیدا. مۆرینیۆش لەبەردەم بەدەستهێنانی شەشەم نازناوی ئەوروپیدایە لە مێژووی کارکردنی خۆیدا، وێڕای ئەو مێژووە گەورەیەش، هەمووان لەسەر خۆشویستنی مۆرینیۆ کۆک نین.
 
دیبالا لەو بارەیەوە دەڵێ، "ئەوە سرووشتی تۆپی پێیە، هەموو کات کارکردن لە بوارەکە جێگەی مشتومڕە، مۆرینیۆ کەسایەتییەکە هەم دەتوانی رقت لێی بێت، هەم دەتوانی خۆشت بوێت".
 
مۆرینیۆ، وەرزی رابردوو پێشەوایەتیی رۆمای کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی کۆنفرانسلیگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە