زینەدین زیدان هۆکاری رۆیشتنی لە ریال مەدرید ئاشکراکرد

رووداو دیجیتال

زینەدین زیدان، راهێنەری فەرەنسی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، هۆکاری رۆیشتنی لە ریال مەدرید ئاشکرا دەکات و راشکاوانە دەڵێت "تەنیا دەمویست رێز لەوە بگیرێت کە پێکەوە بەدەستمان هێناوە"، هەروەها دەشڵێت "بەداخەوە ریال مەدرید پشتگیری لە پڕۆژە درێژخایەنەکەمی نەکرد".

زیدان سەرەتای قسەکانی بەوە دەستپێکرد کە گوتی "مەدریدیستا خۆشەویستەکانم، من هەمیشە بە یەکێک لە ئێوە دەمێنمەوە.. هەلە مەدرید".

دواتر زیدان باسی هۆکارەکانی رۆیشتنی لە یانەی شاهانە کرد و گوتی "رۆیشتم، بەڵام خۆم لە بەڵەمەکەدا فڕێنەداوە، لە مانگی 5ـی 2018 دوای دوو ساڵ و نیو لە سەرکەوتن و بەدەستهێنانی چەندین نازناو رۆیشتم، لەبەرئەوەی هەستمکرد یانەکە پێویستی بە وتارێکی نوێیە بۆ ئەوەی لە لووتکەدا بمێنێتەوە".

ئەو بەردەوامە لە قسەکانی و دەڵێت "دۆخەکە ئەمڕۆ جیاوازە، دەڕۆم لەبەرئەوەی یانەکە ئەو متمانەیەی پێنەدام کە پێویستیم پێیبوو". هەروەها دەشڵێت "تەنیا دەمویست رێز لەوە بگیرێت کە پێکەوە بەدەستمان هێناوە".

راهێنەری فەرەنسی زیاتر روونیدەکاتەوە "یانەکە پشتگیری نەکردم لە دانانی پڕۆژەی ئێستام یان ماوەدرێژ، من لە تۆپی پێ دەزانم، پێویستییەکانی ریال مەدریدیش دەزانم، هەروەها ئەوەش دەزانم کە کاتێک نابەیتەوە پێویستە بڕۆی، بەڵام لێرەدا شتێکی زۆر گرنگیان لەبیرکرد، هەموو ئەوەی بەدەستمهێناوە".

زیزۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا، دەڵێت "20 ساڵم لە ریال مەدرید بەسەربردووە، ئەوە جوانترین رووداوە لە ژیانمدا، دەشزانم کە من قەرزاری سەرۆک فلۆرێنتیۆ پێرێزم". 

ئەو زیاتر باسی پێرێز دەکات و دەڵێت "ساڵی 2001 پێرێز گرەوی لەسەر کردم و شەڕی کرد لەپێناو هێنانم بۆ ریال مەدرید، ئەوکاتەی کەسانێک لەدژی ئەو ویستەی بوون، بەدڵەوە دەڵێم، من هەمیشە بۆ ئەو هەڵوێستە خۆم بە قەرزاری سەرۆک دەزانم، ئێستا و بۆ هەتا هەتایە".

زیزۆ ئەوەش ناشارێتەوە کە ئەوکاتەی میدیاکان باسیان لەو کردووە کە ئەگەر زیدان یاری داهاتوو بدۆڕێت دەردەکرێت، زۆر کاری لە خۆی و تیپەکەی کردووە و بێڕێزی بووە بەرامبەریان و دەڵێت "ئەو پەیامانەیان بەئەنقەست دەدایە میدیاکان، ئەوەش کەشێکی خراپ و بەدحاڵیبوونی لەنێو تیپەکەدا دروستکرد".

راهێنەری پێشووی ریال مەدرید، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەمە پەیامێکە بۆ میدیاکاران و هیوادارە پرسیارەکانیان ورووژێنەر نەبن.

زیزۆ لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەیدا، دەڵێت "من لەسەر بنەمای رۆژانە پەیوەندییەکانم دروست دەکەم، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە یانەکەن، من بۆ ئەوە لەدایکبوومە سەرکەوتووبم، من لێرە بووم بۆ بردنەوەی نازناوەکان، بەڵام لێرە مرۆڤ هەن، رۆح و هەستەکان هەن، من هەستمدەکرد کە بایەخ بەم شتانە نادرێت، تەنانەت بە شێوازێک لە شێوازەکان رەخنەشم لێگیرا".

براوەی 3 نازناوی چامپیۆنزلیگ وەک راهێنەر لەگەڵ ریال مەدرید، پەسنی یاریزانەکانیشی دەدات و دەڵێت "باشبوو کە چەند یاریزانێکی بەتوانام هەبوون کە تاوەکو کۆتایی لەگەڵمدا بوون، کاتێک دۆخەکە تێکدەچوو بە سەرکەوتنی گەورە منیان رزگاردەکرد، لەبەرئەوەی ئەوان متمانەیان بە من بوو، دەشیانزانی کە منیش متمانەم پێیانە".

ئەو راشکاوانەتر دەڵێت "هیواداربووم پەیوەندییەکانم لەگەڵ یانە و سەرۆک تا راددەیەک جیاوازتر بووایە، من داوای هیچ شت و بەرژەوەندییەکی کەسیم نەکردووە، بێگومان نەخێر، تەنیا داوامکردووە رێز لەوە بگیرێت کە بەدەستمانهێناوە".

زیزۆ لە کۆتاییشدا دەڵێت "بێگومان من باشترین راهێنەری جیهان نیم، بەڵام دەتوانم ئەو هێز و متمانەیە ببەخشم، کە هەمووان لە کارەکانیاندا پێویستییان پێیەتی، یاریزانەکان بن یان کارمەندان".

زیدان دەڵێت " راهێنەر لەگەڵ یانە گەورەکان تەنیا دەتوانن دوو ساڵ کاربکەن، بۆ ئەوەی ماوەیەکی درێژ بمێنیتەوە پێویستە پەیوەندییە کەسییەکانت بەهێزبن، کە بۆ مانەوە پەیوەندییەکان لە پێشەوەی ناوبانگ و پارەن ".