زینەدین زیدان یانەی ریال مەدریدی جێهێشت

رووداو - هەولێر

زینەدین زیدانی فەرەنسی بە شێوەیەکی فەرمی دوای 5 رۆژ لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی چوارەم بۆ ریال مەدرید، وازی لە راهێنەرایەتی یانەکەی هێنا.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی یانەی ریال مەدرید، کە هاوکات فلۆرێنتینۆ پیرێزی سەرۆکی یانەکەش ئامادەبوو، زیدان رایگەیاند، چیدی راهێنەری ریال مەدرید نییە و وازی لە ئەرکەکەی هێناوە.

زیدان لە کۆنگرە دا گوتی، دەمەوێ رایگبەیێنم  واز لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید دەهێنم، وەرزی داهاتوو پشوو دەدەم و نابمە راهێنەری هیچ یانەیەک، هەستم کرد کاتی ئەوەهاتووە وازبێنم، دەزانم بریارەکە بۆ هەمووان قورسە، بەڵام دروستە، پێش وازهێنانم سەرەتا بە رامۆسم راگەیاند، دواتر بە نامە هەموو یاریزانەکانم ئاگادارکردەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە یانەکە بە شێوازێکی نوێ لەسەر سەرکەوتنەکانی بەردەوام بێت، ریال مەدرید هەموو شتێکی پێبەخشیم و هاندەرەکانیشی خۆشەویستترین هاندەرن لەلام.

هەر لە کۆنگرەکەدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدش ئاشکرایکرد "دوێنێ شەو زیدان پێی راگەیاندم کە واز لە راهێنەرایەتی یانەکە دێنێت، هەرچەندە زۆرم پێناخۆشبوو، بەڵام رێزمان لە بڕیارەکەی گرت، هەروەها بڕیارەکەی منی زۆر ئازاردا، دەتوانم ئەمڕۆ ناوبنێم بە رۆژی ماتەمینی، چونکە گەوهەرێکی بریقەدار لەدەستدەدەین".

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، نزیکترین راهێنەر بۆ شوێنگرتنەوەی زیندان پۆجێتینیۆی ئەرجەنتینییە.