ئەنچێلۆتی سەرسامە بە بارسێلۆنا

کارلۆ ئەنچێلۆتی
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، رایگەیاند کە بارسێلۆنا تۆپی پێیەکی جوان دەکات و حەزی لە شێوازی یاریکردنی ئەو یانەیەیە. هەروەها گوتی "حەزم لە شێوازی یاریکرنی تیپەکەشمە".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبە ریال سۆسیداد، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیادا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەجیاوازی کوالیتی تۆپی پێ و ئاستی تیپەکەی بەبەراورد بە بارسێلۆنای رکابەرە هەمیشەییەکەیان لە سەردەمی هانزی فلیکدا، گوتی "حەزم لە شێوازی یاریکردنی هەردوو یانەیە".
 
بارسێلۆنا لەسەردەمی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی ئاستێکی نایابی پێشکەش کردووە، دوایینجار لەیارییەکەی بەرامبەر جیرۆنا بەئەنجامی 4-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پێشەنگی خۆی لە ریزبەندیی خولی ئیسپانیادا پارێزگاری لێکرد.
 
ژمارەی خاڵەکانی بارسا بۆ 66 خاڵ بەرزبووەوە لە پلەی یەکەمدا، ریال مەدریدیش بەکۆکردنەوەی 63 خاڵ لە پلەی دووەمدایە.
 
سەبارەت بەو پرسیارەی کە داوایانلێکرد بەراوردێک لەنێوان شێواز و کولیتی تیپەکەی و بارسادا بکات؟ ئەنچێلۆتی گوتی "بارسێلۆنا یاریی تۆپی پێیەیەکی زۆر جوان دەکات، ریال مەدریدیش جۆرێکی جیاواز لە تۆپی پێ دەکات، بەڵام بە کوالیتی بەرزەوە، من حەزم لەو شێوازی تۆپی پێیە کە تیپەکەم یاری پێدەکات، هەروەها حەزم لە شێوازی یاریکردنی بارسێلۆنایە و هیچ کێشەیەک لەوەدا نابینم".
 
راهێنەری ریال مەدرید، ئاماژەی بەوەشکرد "وەک گوتم بەراوردکردن قورسە، لەبەرئەوەی لایەنەکانی نێوان هەردوو تیپەکە جیاوازن، بەراوردکردنی شێوازی یاریکردنی دوو تیپ ئەستەمە؛ چونکە شێوازی یاریکردنی هەر تیپێک زۆر پەیوەستە بە تایبەتمەندی ئەو یاریزانانەی کە هەیەتی، بۆیە بەراوردکردن نزیکە لە مەحاڵەوە".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە لەدرێژەی قسەکانیدا، گوتی "بەڵام دەتوانن بڵێن بارسێلۆنا یارییەکی باش دەکات، ریال مەدریدیش یارییەکی خراپ دەکات. هەروەها دەتوانن بڵێن ریال مەدرید یارییەکی باش دەکات. سەبارەت بەخۆم زۆر حەزم لە شێوازی یاریکردنی تیپەکەمە. ماوەی سێ ساڵە سەرسامم بەشێوازی یاریکردن و سەرکەوتنەکانمان. ئەم تیپەمان بەمشێوەیە. زۆر باشە".
 
ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە زیاتر باسی ئەو بابەتە دەکات و دەڵێت "هەندێک شت دەکرێت باشتر بکرێن، بێگومان وەرزی ئاڵۆز و وەرزی ئاڵۆزتر هەیە، هەندێک وەرز هاوسەنگی زیاتریان هەیە و هەندێکی دیکە کەمتر، بەڵام بۆچی ئەمە دەگۆڕێت؟ بۆچی هەمیشە ناتوانیت هەمان ناسنامە و هەمان ستایل و هەمان پێکهاتە بپارێزین؟ بۆچی؟ تەنیا لەبەرئەوەی یاریزانەکان دەگۆڕدرێن، تایبەتمەندی ئەو کەسانە دەگۆڕێت کە یاریی تۆپی پێ دەکەن و هەر بۆیەش مەحاڵە لەگەڵ زۆر لە یاریزانەکاندا پارێزگاری لە شێواز و ناسنامەیەکی زۆر تایبەت بکەیت. هەرکەسێک هەوڵی پابەندبوون بەهەمان شێواز بدات، هەمیشە لە کۆتاییدا شکست دەهێنێت".