رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک، روونکردنەوەیەکی لەسەر رووداوەکانی یاریی نێوان دهۆک و زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێ، "هەموو ئەوانەی دەستیان لەو رووداوە نەخوازراوانەدا هەبووە رێکاری یاساییان لە بەرامبەر وەردەگرین".
دوێنێ لە دێربیی بادینان لە نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە یارییەکە بەسەرکەوتنی دهۆک بەگۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هات، وەک یانەی زاخۆ رایگەیاند، بێڕێزیی کراوە بەرامبەر یاریزانەکانیان و ئەگەر دەست لەسەر برینەکان دانەنرێت، کارەساتی مەزن روودەدەن.
پۆلیسی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەوە دەڵێ، دوێنی شەو دوای یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لە یاریگەی دهۆک، چەندین کەسی دوور لە گیانی وەرزشی کە ئامانجی ئەوان تێکدان و ئاڵۆزکردنی رەوشەکە و دروستکردنی ناکۆکی بوو لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانەدا، لە سۆشیال میدیا، سووکایەتییان بڵاوکردووەتەوە و خواستی ئەوان ئەوەیە کە دۆخەکە بەرەو ئاقارەکی نادیار ببەن".
پۆلیسی دهۆک هەروەها دەڵێ، "بەهەموو شێوازێک رێگری لەو هەوڵانە دەکەین تاوەکو بەحەزەکانیان شادنەبن و لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە تاوەکو رێوشوێنی یاسایی لە دژی ئەوانە بگرینە بەر".
روونکردنەوەی پۆلیسی دهۆک هەروەها تێیدا هاتووە، "هەر کەسێک بەکارێک یان گوتن و رەفتارێک هەوڵی تێکدانی دابێت، رووبەڕووی یاسایی دەکرێتەوە و ئەرکی ئێمە لە کاتی یارییەکە و دوای بەڕێوەچوونی یارییەکەش کە لە ئەستۆمان بووە، جێبەجێمان کردووە و لێکۆڵینەوەشمان دەستپێکردووە".
پێشتر یانەی زاخۆ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردبووەوە و رایگەیاندبوو کە "لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا هەندێک رووداوی نەسرووشتی و دوور لە گیانی وەرزشی لەلایەن هاندەرانی دهۆک و راهێنەری یانەکەوە ئەنجامدران کە بێڕێزی بوو بەرامبەر زاخۆ و خەڵکی زاخۆ".
یانەی زاخۆ هەروەها رایگەیاندبوو، "لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆکەوە بەبۆکس و دار هێرشکراوەتە سەر یاریزانان و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، بڕیارە لە چەند کاژێری داهاتوودا کارگێڕیی یانەی زاخۆ کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات و بەئەگەری زۆرەوە سکاڵا لەسەر یانەی دهۆک تۆمار دەکات بەهۆی رووداوەکانی یارییەکەوە.
بەسەرکەوتنی دهۆک بەسەر زاخۆدا، یانەی زاخۆ پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقی لەدەستدا و بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندییەکە دابەزی بەبەدەستهێنانی 49 خاڵ، لە کاتێکدا دهۆک لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییەکەدا مایەوە بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ