سوپرایز.. شوێنگرەوی لیۆنی مەکسیکی لە مۆندیالی یانەکاندا دیاری دەکرێت

31-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مۆندیالی یانەکان 2025 یانەی لیۆنی مەکسیکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فیفا بیر لەوە دەکاتەوە کە یارییەکی یەکلاکەرەوە لەنێوان یانەی لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکی و یانەی کڵەب ئەمریکای مەکسیکی ئەنجام بدات بۆ دیاریکردنی ئەو تیپەی کە پلەی کۆتایی لە جامی جیهانی یانەکانی ئەمساڵدا دەستەبەر دەکات، دوای ئەوەی لیۆنی مەکسیکی  دوورخرایەوە.
 
یانەی لیۆنی مەکسیکی هەفتەی رابردوو لە پاڵەوانێتییەکە دوورخرایەوە بەهۆی پابەندنەبوون بە رێساکانی تایبەت بە خاوەندارێتی چەندین یانە.
 
لیۆن و پاچوکای هاونیشتیمانییەکەی سەرکەوتنیان بۆ پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێناوە، بەڵام هەمان خاوەنیان هەیە کە گرووپی پاچوکایە، بۆیە فیفا رێگا نادات دوو یانەی سەر بەهەمان خاوەن بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکەن.
 
براوەی ئەم یارییە خەڵاتی 9 ملیۆن و 550 هەزار دۆلار وەردەگرێت، کە فیفا ئەو بڕە پارەیە دەبەخشێتە هەر تیپێکی هەرێمی کۆنکاکاف کە گەیشتوونەتە ئەو پاڵەوانێتییە، هەروەها دەبێتە یەکەم رکابەری چێڵسی لە پاڵەوانێتییەکەدا، کە بڕیارە هاوینی ئەمساڵ لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
 
گوتەبێژی فیفا پشتڕاستی کردەوە کە فیفا بیر لە رێکخستنی یارییەکی یەکلاکەرەوە دەکاتەوە لەنێوان لۆس ئەنجلۆس کە خاوەنی پلەی دووەمی پاڵەوانێتی کۆنکاکافە و یانەی کڵەب ئەمریکا کە خاوەنی بەرزترین پلەی ریزبەندیی یەکێتییەکەیە. ئەم یارییە ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە کە بەهۆی دوورخستنەوەی لیۆن هاتووەتە ئاراوە.
 
بەپێی پلانی فیفا، براوەی یارییە یەکلاکەرەوە پێشنیازکراوەکەی نێوان لۆس ئەنجلۆس و یانەی ئەمریکا دوایین بلیتی مۆندیالی یانەکانی 2025 وەردەگرێت، مەگەر رێوشوێنی یاسایی زیاتر ببێتە هۆی بڕیارێکی جیاواز.
 

کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان 2025

گرووپی پاچوکا کە خاوەنی لیۆنە، رایگەیاند کە مانگی داهاتوو لە دادگای ناوبژیوانی وەرزشیی تانە لە بڕیارەکە دەدەن.
 
ئەو تیپەی کە بۆ جێگرتنەوەی لیۆن هەڵبژێردرا، دەخرێتە کۆمەڵەی D، کە تیپەکە بەرامبەر چێڵسی ئینگلیزی، فلامینگۆی بەرازیلی و یانەی تەرەجی تونسی رکابەری دەکات.
 
پێشتر میدیاکان باسیان لەو بژاردانە دەکرد کە ئەگەری هەیە فیفا یەکێکیان لەجیاتی لیۆن بباتە مۆندیالی یانەکان، لەوانەش باسی بارسێلۆنای ئیسپانی دەکرا. هەروەها باس لەوە دەکرا کە یانەی نەسڕی سعودی ئەو بلیتەی لەلایەن فیفاوە پێدەدرێت و کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی تۆپی پێی پۆرتوگالی بەشداری لەو پاڵەوانێتییە گەورەیەدا دەکات و لە کوالیتی مۆندیالەکە بەرزدەکاتەوە، بەتایبەتی کە لیۆنێل مێسی رکابەری هەمیشەی ئەویش لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا دەکات، بەڵام وادیارە خەونی رۆناڵدۆ و هاندەرانی ناهێتە دی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە