گاڤی: بیر لە ریال مەدرید ناکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ
گاڤی، ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەی بارسێلۆنا دەڵێ، لە یانەکە کەس بایەخ بە ریال مەدریدی رکابەرمان نادات.
بارسێلۆنا لە دوایین یاریی خۆیدا لە گەڕی 29ی خولی لالیگا، بە 4 - 1 گۆڵ لە جیرۆنای بردەوە و بەوەش شوێنپێی خۆی لە پێشەنگی لالیگا قایمتر کرد و سێ خاڵ لە پێش ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندییەکەیە.
گاڤی لە دوای یارییەکە قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی، "هانزی فلیکی راهێنەر پێیوایە من دەتوانم لە چەند شوێنێکی جیاواز یاریی بکەم، منیش پێموایە ئەو توانایەم هەیە و ئەوەش بەهۆی عەقڵیەتی یارییکردنمەوەیە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەگەرچی هەندێک شوێنی یارییکردن بۆ من گونجاوترە لە هەندێک شوێنی دیکە بەپێی تواناکانم، بەڵام گرنگ بەلامەوە ئاست و بردنەوە و هاوکاریکردنی تیپەکەمە".
لەبارەی رکابەرییکردنی بارسێلۆنا لەسەر نازناوی وەرزی ئەمساڵی لالیگا، ئەو یاریزانەی یانەکە دووپاتیدەکاتەوە کە بارسا پێویستی بەوەیە چاوی تەنیا لەسەر خۆی بێت، دووپاتیدەکاتەوە، "نابێ بیر لە ریال مەدرید بکەینەوە، ئێمە دەبێ تەنیا بیر لە خۆمان بکەینەوە، لەبەرئەوەی چارەنووسمان بەدەست خۆمانە".
گاڤی ئەمساڵ بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە ژمارەیەکی بەرچاوی یارییەکانی یانەکەیدا نەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکە چاوی لە بەدەستهێنانی نازناوەکانی خول، جامی شا و چامپیۆنزلیگە.
ئەو ناوەڕاستکارە لاوە دەڵێ، "ئەگەر هەموو یارییەکانمان ببەینەوە، نازناوی لالیگا مسۆگەر دەکەین. ئێمە متمانەمان بەتواناکانی خۆمان هەیە، جەماوەریش بەهەمان شێوە، هەروەها تاوەکو کۆتایی لەپێناو خەونەکانمان دەجەنگین".
وێڕای توانای رکابەری لەسەر نازناوەکان، بارسێلۆنا لە وەرزی ئەمساڵدا ستایلێکی سەرنجڕاکێشی یارییکردن پێشکێشدەکات و ژمارەیەکی یەکجار زۆریشی گۆڵ لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا تۆمارکردووە.