ڤیدیۆ؛ ئەوەی هیلال کردی بە ریال مەدریدیش نەکراوە

31-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یانەی هیلال
یانەی هیلال
نیشانەکردن یانەی هیلال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی سعودی مێژوویەکی گەورەی لە تۆپی پێدا تۆمارکرد و ناوی وەکو خاوەنی زۆرترین بردنەوەی لەسەریەک دەچێتە نێو پەرتووکی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان.
 
یانەی هیلال لە رکابەرییەکانی گەڕی 25ـی خولی سعودیە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی شەباب یارییکرد و بە زەحمەت بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ یارییەکەی لێبردەوە و درێژەی دایە ئەنجامە باشەکانی.
 
لە خولەکی 3 موسعەب جوەیر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ شەباب تۆمارکرد، بەڵام زۆری نەبرد ئەلیکساندەر میترۆڤیچ بەلێدانی سزا ئەنجامەکەی بۆ هیلال یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی 27 میترۆ گۆڵی دووەمی خۆی و یانەی هیلالی تۆمارکرد، پاشان بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە سێ خولەک، میلینکۆڤیچ ساڤیچ هیلالی کردە خاوەنی سێ گۆڵ و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی یانەی میوان کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا، لە خولەکی 57 سالم دوسەری هیلالی زیاتر لە بردنەوە نزیککردەوە و گۆڵی چوارەمی بۆ یانەکە تۆمارکرد.
 
دوای ئەوە لە خولەکی 64 حوسێن سەبیانی گۆڵێکی دیکەی بۆ شەباب تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
 
رۆمان سایس بەلێدانی راستەوخۆ گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و شەباب بووە خاوەنی سێ گۆڵ، بەڵام لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا سێ خاڵی لەدەستدا و بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ دۆڕان.
 
ریکۆردێکی مێژوویی
 
یانەی هیلال بەبردنەوەی ئەم یارییە درێژەی دایە نووسینەوەی مێژووە گەورەکەی و بووە یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێدا 30 یاریی لەسەریەک بباتەوە، بەمەش یانەکە ناوی وەکو خاوەنی زۆرترین بردنەوەی لەسەریەک چووە نێو پەرتووکی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان.
 
هیلال لەو 30 یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 87 گۆڵی تۆمارکردووە، 12 گۆڵی لێکراوە و لە 20 یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە.
 
یانەی هیلال بەبردنەوەی ئەم یارییە جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕی دووەم بە 12 خاڵ ماوەیە و هەنگاوێکی گرنگ لە بردنەوەی نازناوی خولی سعودی نزیکبووەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە