نۆ رۆژەکەی مەدرید گواردیۆلای تووڕەکردووە

31-03-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا ریال مەدرید مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، تووڕەیی خۆی نەشاردەوە کاتێک باسی رووبەڕووبوونەوەی یانەکەی و ریال مەدریدی ئیسپانی کرد لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.
 
پێپ باسی ئەوەیکردووە کە تیپەکەی کەمتر پشوو دەدات کاتێک خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید ئامادە دەکات، لە کاتێکدا ئەو تیپە پشووی زیاترە.
 
بەپێی تیروپشکی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، هەردوو یانەی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی لە رۆژی نۆی مانگی داهاتوودا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە یاریی چووندا بەیەکدەگەن و دوا هەفتەیەک هەمان یاری لەسەر یاریگەی ئیتیحاد دووبارە دەبێتەوە.
 
گواردیۆلا لە لێدوانی رۆژنامەڤانیدا گوتوویەتی، "دوای یارییەکەی ئەمڕۆمان بەرامبەر ئارسیناڵ، رۆژی چوارشەممە لە کاژێر 22:15 بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا یارییدەکەین، پاشان کاژێر 14:30 بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس لە رۆژی شەممەدا و پاشان رۆژی سێشەممە دەچینە مەدرید".
 
پێپ زیاتر دەڵێ، "لەکاتێکدا ریال مەدرید نۆ رۆژی رێکی لەبەردەستدایە بۆ ئامادەکاری یارییەکە، نۆ رۆژ!".
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە رووی دەمی کردووەتە دەستەی سەرپەرشتیاری پرێمەرلیگ و دەڵێ، "رۆژێکی دیکەم بدەنێ بۆ پشوو، جیاوازییەکە یەکجار گەورەیە، هیچ هەلێک لە ئارادا نییە".
 
مانچێستەر سیتی، ئەمشەو لە لووتکەی هەفتەی 30ی پرێمەرلیگدا، لە کاژێر 18:30 بەرامبەر ئارسیناڵ یاریدەکات لە یاریگەی ئیتیحاد، پاشان دوو یاریی دیکە لە پرێمەرلیگدا ئەنجامدەدات و رۆژی نۆی مانگی داهاتووش رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە.
 
لە کاتێکدا ریال مەدرید ئەمشەو بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو یارییدەکات و دوای ئەوە تاوەکو رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی هیچ یارییەکی دیکە ئەنجامنادات، چونکە هەفتەی داهاتوو لالیگا بەهۆی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیاوە، رادەوەستێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە