یانەی دهۆک ئەمشەو مێژوو دەنووسێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمشەو یانەی دهۆک لەبەردەم نووسینەوەی مێژوودایە کاتێک لە یارییەکی تایبەتدا میوانداریی یانەی قوە جەوییە دەکات.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 20ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 21:30 لەسەر یاریگەی دهۆک بەڕێوەدەچێت، یانە کوردستانییەکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەباشی خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و دەیەوێت هاندەرانی بەبردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە دڵخۆش بکات.
 
بەیار ئەبوبەکر، بەرگریکاری یانەی دهۆک دەڵێت "لە نیوەی یەکەمی ئەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزمان پێشکێشکرد، هیوادارین لە یارییەکەی بەرامبەر قوە جەوییە بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوین، یارییەکان بەرامبەر یانە گەورەکان چێژێکی زیاتریان هەیە، متمانەی زۆرمان بەخۆمان هەیە بۆ ئەوەی سێ خاڵی یارییەکە بکەینە دیاری بۆ هاندەرانی یانەی دهۆک."
 
هەرێم تەحسین، بەرگریکاری یانەی دهۆک بەر لە یارییەکە گوتی "لەرووی یاریزانانەوە یەکێک لە ئامادەترین تیپەکانی و دەمانەوێت لە کۆتایی وەرزدا لەنێو چوار تیپی یەکەمدا بین، پێشبینیکردن بۆ یارییەکە زەحمەتە، بەڵام دهۆک هەمیشە لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانە گەورەکان ئاستێکی بەرزی هەیە، هیوادارم ژمارەیەکی زۆری هاندەر ئامادەبن بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە."
 
دهۆک لەکاتێکدا میوانداریی یانەی قوە جەوییە دەکات، جەوییە لەم وەرزەی خولەکەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە 19 یارییدا خاوەنی 45 خاڵە و لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، دهۆکییەکان دەیانەوێت ئەو یانەیە تووشی یەکەم دۆڕان بکەن و هەنگاوێکی دیکە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببنەوە.

 
بەر لە یارییەکە یانیک زاکیری، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی دهۆک دەڵێت "نامانەوێت ئەنجامی ئەم یارییە لەدەستبدەین، یانەکەمان دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ یارییە گەورەکان بکات، بەهێز دەبین بەرامبەر هاندەرانمان و دەمانەوێت ببەینەوە، هاندەرانی دهۆک سەرنجڕاکێشن و ئێرە ماڵی منە و هەموو توانایەکم لەپێناو یانەکە دەخەمەگەڕ."
 
یاریی ئەمشەوی دهۆک و جەوییە زیاتر لە یارییەک دەبێت
 
دوای لافاوەکەی چەند هەفتەی رابردووی پارێزگای دهۆک، یانەی دهۆک هەر زوو رایگەیاند، داهاتی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی قوە جەوییە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە تەرخان دەکات.
 
یانەکە ڤیدیۆیەکی لەسەر پەیجی فەرمی خۆی بڵاوکردووەتەوە، دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک دەڵێت "بلیتی یارییەکەم بڕیووە و لە هەموو دەرگایەکانی یاریگە سندووقی هاوکاری دانراون بۆ ئەوەی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاو بکەین."
 
بەدوای سەرۆکی یانەی دهۆکدا، یاریزانان، راهێنەر و ئەندامانی دەستەی راهێنەرایەتیی یانەکە هەریەکەیان لەنێو یاریگەدا بڕێکی پارە دەکەنە نێو سندووقەکەوە بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاو.
 
جگە لەوەش بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ یارییەکە یانەی دهۆک زیاتر لە 10 هەزار بلیتی بۆ یارییەکە فرۆشتووە و داهاتی یارییەکە بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دەبێت.
 
پێشتریش سەرۆک و یاریزانانی یانەی دهۆک، هاوشانی ژمارەیەکی زۆری وەرزشڤانانی پارێزگاکە بەشدارییان لە هەڵمەتی پاککردنەوەی شارەکەدا کرد کە بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆری پێگەیشتبوو.
 
خەڵاتکردنی ئەیمەن حوسێن
 
لە هەڵوێستێکی سەرنجڕاکێشدا، یانەی دهۆک یەکێک لە رکابەرە سەرەکییەکانی خەڵات دەکات، کە ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری یانەی قوە جەوییەیە.
 
دهۆک لە پەیجی خۆی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت یانەکە دیاریی سەرنجڕاکێش پێشکێشی ئەیمەن حوسێن دەکات، کە دیارییەکە پێکهاتووە لە دەستێک جلوبەرگی کوردی و چەندین دیاریی دیکە.
 
دهۆک لەو بارەیەوە نووسیوویەتی "لەبەر هەڵوێستە جوان و مەردانەکانی لەبەرامبەر یانەی دهۆک و پارێزگای دهۆک رێزمان لە ئەیمەن حوسێنی خاوەن رەوشت گرت."
 
دهۆک لەکاتێکدا ئەیمەن حوسێن خەڵات دەکات، پێشتر لە یانەی دهۆک یارییکردووە و ئێستاش وەکو گۆڵکاری خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر یانەی پێشووی یاریی دەکات.