ڤینیسیۆس: زیندان شوێنی شایستەی رەگەزپەرستەکانە

رووداو دیجیتاڵ

 

ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەیاننامەیەکی فەرمی لەدژی رەگەزپەرستانی نێو یاریگەکانی تۆپی پێ دەرکرد و تێیدا، وێڕای سەرکۆنەکردنی دیاردەی رەگەزپەرستی و ئەنجامدەرانی، پشتگیریی خۆی بۆ ئەکونای یاریزانی ئەرجەنتینیی یانەی سێڤییا و کیکی فلۆرێسی راهێنەری دووپاتکردەوە.
 
دوێنێ لە یاریی خیتافی و سێڤییا لە لالیگادا، هاندەرانی خیتافی دروشمی رەگەزپەرستییان بەرامبەر کیکی فلۆرێسی راهێنەری سێڤییا و یاریزانەکەی ئەکونا گووتەوە، کە بەشێک لە هاندەرانی یانەی خیتافی هاواریان بۆ ئەکونا دەکرد، بە مەیموون وەسفییان دەکرد و دەیانگوت "تۆ لەنێو مەیموونانەوە هاتووی".
 
ڤینیسیۆس کە یەکێکە لە قوربانییە هەرە سەرەکییەکانی دیاردەی رەگەزپەرستی نێو یاریگەکان، بەیاننامەیەکی پشتگیری بۆ کیکی و ئەکۆنیا دەرکرد، کە تێیدا دەڵێت "ئەم هەفتەیە تەنانەت یاریش ناکەم. بەڵام ئێمە تەنیا لە رۆژی شەممەدا سێ حاڵەتی رەگەزپەرستیمان هەبوو لە ئیسپانیا. هەموو پشتگیرییەک بۆ ئەکونا و راهێنەر کیکی فلۆریس لە سێڤییا و شێخ سار (یاریزانێکی خولی پلە سێیەکانی ئیسپانیایە). ئازایەتیتان ئیلهام بە کەسانی دیکە دەبەخشێت". 
 
ئەستێرەکەی ریال مەدرید، زیاتر دەڵێت "دەبێت رەگەزپەرستەکان ریسوا بکرێن و نابێت یاریکردن لەگەڵ ئەوانە بەردەوام بێت".
 
هەروەها دەشڵێت "ئێمە تەنیا کاتێک سەرکەوتن بەدەست دەهێنین کە رەگەزپەرستەکان راستەوخۆ یاریگەکان بەرەو زیندان بەجێبهێڵن، شوێنی شایەنی خۆیان".
 
لەوەتەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە، لە چەندین یاریی جیاوازدا کێشە کەوتووەتە نێوان ڤینیسیۆس و هاندەری تیپەکانی بەرامبەری و لە چەند رووداوێکیشدا، گرژیی نێوانیان گەیشتووەتە رادەیەک کە تێیدا ئەستێرە بەرازیلییەکە رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی بووەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر یاریزانەکە درووستکردووە و لە رابردوودا داوای لە دەسەڵاتداران کردووە کە رێکاری تووند بەرامبەر ئەو دیاردەیە بگرنەبەر. 
 
رۆژی سێشەممە، 26-3-2024، هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یارییەکی دۆستانەدا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی هەڵبژاردەی بەرازیلی کرد، کە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بوو لە دژی رەگەزپەرستی، بەڵام لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە ئەستێرە بەرازیلییەکە دوای ئەوەی چەند پرسیارێکیان سەبارەت بە رەگەزپەرستی لێکردم خۆی بۆ نەگیرا و دەستی بە گریان کرد.
 
ڤینی گوتی "تۆپی پێ گرنگە، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی گرنگترین شتە. من تەنیا دەمەوێت تۆپی پێ بکەم، تەنیا دەمەوێت یاری بکەم و هەموو هەوڵێک لە پێناو یانەکەمدا بدەم. ئەو دیاردەیە ئارەزووی منی بۆ یاریکردن کەم کردووەتەوە".