ڤیدیۆ؛ ئەوەی رۆناڵدۆ کردی خەیاڵی و بڕواپێنەکراوە

31-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی نەسڕ خولی سعودی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕ، بە تۆمارکردنی هاتریکێکی مێژوویی، چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکرد و سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەیەکی گەورە بەرامبەر یانەی تائی.
 
نەسڕ لە گەڕی 25ـی خولی سعودیەدا میوانداریی یانەی تائیی کرد و بە ئەنجامێکی گەورە سەرکەوتنێکی دیکەی لە خولەکەدا بەدەستهێنا و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.
 
لە خولەکی 20 ئۆتاڤیۆ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و نەسڕی پێشخست، بەڵام زۆری نەبرد دوای تەنیا خولەکێک ڤیرجڵ میسیدیان بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی بۆ یانەی تائی یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی 35 میسیدیان لە یانەی تائی بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە، عەبدولرەحمان غەریب یانەی نەسڕی بەلێدانی سەر کردە خاوەنی دوو گۆڵ و یانەکە نیوەی یەکەمی بە پێشکەوتن تەواوکرد.
 
نیوەی دووەمی یارییەکە، نیوەی دەرکەوتن و درەوشانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە خولەکی 64 گۆڵی یەکەمی خۆی لە یارییەکەدا و سێیەمی نەسڕی تۆمارکرد.
 
دوای دوو خولەک رۆناڵدۆ نەسڕی کردە خاوەنی چوار گۆڵ و لەسەر شێوازە هەمیشەییەکەی ئاهەنگی گێڕا.
 
لە خولەکی 86 دۆن رۆناڵدۆ بەلێدانی سەر بووە خاوەنی هاتریک و نەسڕ گۆڵی پێنجەمی تۆمارکرد.

 

 
یارییەکە بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندیی زەردپۆشەکان کۆتاییهات، یانەی نەسڕ لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە بووە خاوەنی 59 خاڵ، بەڵام هێشتا 12 خاڵ لە یانەی هیلالی یەکەمەوە دوورە.
 
پەیامی کریستیانۆ رۆناڵدۆ

 

 
دوای یارییەکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا دڵخۆشیی خۆی بە تۆمارکردنی هاتریک و بردنەوەی یارییەکە پێشاندا و سوپاسی هاندەران دەکات.
 
رۆناڵدۆ دەڵێت "بردنەوەیەکی نایاب و هاتریکێکی دیکە، ئێمە بەمشێوەیە ئەنجامی دەدەین، سوپاس بۆ پاڵپشتیی هاندەران."
 
کریستیانۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "وەستانی نێودەوڵەتی بۆ ئێمە ئەرێنی بوو، زۆر دڵخۆشم بەبردنەوەی یارییەکە و تۆمارکردنی هاتریک."

 
ئامارە سەرنجڕاکێشەکانی رۆناڵدۆ
 
* رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا لە هەموو خولەکەکاندا بەشداربوو، 7 لێدانی بەگشتی هەبوو، 3 لێدانی بۆ گۆڵ هەبوو و 3 گۆڵی تۆمارکرد، 5 هەلی دروستکرد، 33 پاسی هەبوو کە 79٪ـی پاسەکانی دروستبوو و بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.
 
* رۆناڵدۆ لە دوایین 14 یاریی یانەی نەسڕدا بەشداریی لە 17 گۆڵدا کردووە.
 
* کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی 26 گۆڵ، گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی سعودیە.
 
* رۆناڵدۆ پێویستیی بە 9 گۆڵی دیکە هەیە، بۆ ئەوەی ریکۆردی تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لە وەرزێکی خولی سعودیدا بشکێنێت.

 
* رۆناڵدۆ چوارەم هاتریکی لە خولی سعودیدا تۆمارکرد.
 
* کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێش گەیشتنی بە تەمەنی 30 ساڵی 30 هاتریکی تۆمارکردبوو، لە دوای تەمەنی 30 ساڵییەوە 34 هاتریکی تۆمارکردووە.
 
* رۆناڵدۆ بەگشتی لەسەر ئاستی یانە و هەڵبژاردەکان بووە خاوەنی 64 هاتریک.
 
* کریستیانۆ 13 وەرزە لەسەریەک لە وەرزێکدا 25 گۆڵ یان زیاتر تۆمار دەکات.
 
* رۆناڵدۆ لەو کاتەوەی یاری بۆ یانەی نەسڕ دەکات، 59 یاریی ئەنجامداوە، 53 گۆڵی تۆمارکردووە، 13 ئاسیستی کردووە و بەشداریی لە 66 گۆڵدا کردووە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە