کێ بەربژێرە بۆ بردنەوەی مۆندیال؟ بێکهام وەڵام دەداتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەیڤد بێکهام، ئەستێرەی بەنێوبانگی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەربژێرەکانی بۆ بردنەوەی مۆندیالی 2022ـی قەتەر ئاشکرا دەکات و دەڵێت " ئێستاش ئەو هەستەم هەیە کە دەتوانم لە مۆندیالدا یاری بکەم."
 
بێکهام لە پانێلێکدا لە دەوحە قسەیکرد و گوتی " ئێستا تەمەنم 46 ساڵە، بەڵام هەستدەکەم هێشتا دەتوانم پێڵاو لەپێ بکەم و لە مۆندیالدا یاری بکەم، هەستدەکەم توانای ئەوەم هەیە لە خولی ئینگلتەرا یان خولی ئیسپانیا یاری بکەم و هەرکاتێک بچمە نێو یاریگە دەمەوێت پێڵاو لەپێ بکەم و یاری بکەم."
 
دەیڤد زیاتر لەبارەی مۆندیالەوە قسەیکرد و گوتی " یاریزانان و هاندەران مۆندیالی داهاتووی قەتەریان خۆشدەوێت و هاندەران لە قەتەر چێژ لە یارییەکان وەردەگرن، لە قەتەر خواردنی خۆش هەن، پێشوازییەکی گەرم لەلایەن خەڵکەوە هەیە و ئەو شتە جیاوازانەی لەوێ هەن لە پاڵ تۆپی پێدا چێژێکی زیاتر دەبەخشن."
 
لەبارەی ئەوەی کێ بە رکابەری ئینگلتەرا دەزانێت بۆ بردنەوەی مۆندیال؟ بێکهام گوتی " کاتێک بیر لە مۆندیال دەکەیتەوە، ئۆتۆماتیکی دەبێت باس لە بەرازیل، ئەرجەنتین و فەرەنسا بکەیت، ئەمانە وڵاتی گەورەن و زۆر نازناویان بردووەتەوە، وڵاتێکی دیکەش کە چێژ لە یارییکردنی وەردەگرم دانیمارکە."
 
ئەستێرەی پێشووی ئینگلتەرا باسی هاری کەین دەکات و دەڵێت " هاری کەین سەرکردە و گۆڵکاری ئێمەیە، بەهۆی ئەو ئاستەی پێشکێشیدەکات بۆ ئێمە زۆر گرنگە."