رۆناڵدینیۆ گاڵتە بە هاندەرانی پاریس سانجێرمان دەکات

31-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی رۆناڵدینیۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

 رۆناڵدینیۆ، ئەفسانەی بەرازیلی گاڵتە بەوانە دەکات کە فیکەیان بۆ مێسی لێداوە و دەڵێت "ئەگەر فیکە بۆ مێسی لێبدرێت واتا هیچ شتێک لە تۆپی پێدا نەماوە"، هەروەها دەشڵێت "ئەگەر فیکە بۆ مێسی لێبدرێت، ئەی دەبێت چەپڵە بۆ کێ لێبدرێت".
 
دوای ئەوەی یانەی پاریس سانجێرمان لەسەر دەستی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ دەرکرا، لە یاریی دواتردا لە لیگ وەن، کە پاریسییەکان بەرامبەر مۆناکۆ یارییان کرد، هاندەرانی ئەو یانەیە فیکەیان بۆ لیۆنێل مێسی لێدا و داوایانکرد خۆی و نەیمار داسیلڤای بەرازیلی لە یانەکەیان بڕۆن، ئەمەش کاردانەوەیەکی گەورەی هەبوو، کە جاری یەکەمە فیکەی ناڕەزایی لە دژی 7 جار براوەی باڵۆن دۆر لێبدرێت.
 
رۆناڵدینیۆ، کە هاوڕێی پێشووی مێسییە لە بارسێلۆنا، لە لێدوانێکی نوێدا گاڵتەی بەوانە کرد کە فیکەیان بۆ مێسی لێدا و گوتی "ناتوانم بڕوا بەوە بکەم کە فیکەکان بۆ مێسی بن، ئەگەر فیکە بۆ مێسی لێبدرێت واتا هیچ شتێک لە تۆپی پێدا نەماوە"
 
ئەفسانەی پێشووی سامبا، هەروەها بە پێکەنینەوە گوتی "ئەگەر فیکە بۆ مێسی لێبدرێت، ئەی دەبێت چەپڵە بۆ کێ لێبدرێت".
 
رۆناڵدینیۆ زیاتر گوتی "بێگومان هاندەران مافی خۆیانە نیگەران بن کاتێک تیپەکەیان لە چامپیۆنزلیگ دەردەکرێت، مێسی و نەیمار گەورەترین دوو ناون لە پاریس، بۆیە ئاساییە کە تووڕەبوونەکە زیاتر لە دژی ئەوان هەبێت، بەڵام دەبێت هاندەران گلەیی لە هەموو یاریزانەکان بکەن، نەک تەنیا دووانیان".
 
جادووگەرە بەرازیلییەکە، سەبارەت بە سیناریۆی دەرکردنی پاریس سانجێرمانیش لە لایەن ریال مەدریدەوە گوتی "یارییەکە لەنێوان دوو تیپی گەورەدا بوو، ئەوەی روویدا هەمیشە دەکرێت رووبدات، ئەرکی مێسی قورستر بوو، چونکە ئەو هاتووەتە تیپێکی نوێ دوای چەندین ساڵ یاریکردن و راهاتن لەگەڵ کەش و بارودۆخێکی دیاریکراو، بۆیە ئەو پێویستی بە کاتە". 
 
رۆناڵدینیۆ باسی داهاتووی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیشی کرد، کە دەگووترێت لەم هاوینەدا دەچێتە ریزەکانی ریال مەدرید و گوتی "پێموایە کیلیان لەگەڵ پاریس سانجێرمان دەمێنێتەوە، بەڵام لە تۆپی پێدا هەموو ئەگەرەکان کراوەن".
 
ئەو هەروەها گوتیشی "باشترین 3 یاریزانی جیهان لە تیپێکدان، کە هەموو هەوادارانی تۆپی پێ هیوا بە یانەیەکی وا دەخوازن".
 
ئەستێرەی پیشووی یانەی پاریس سانجێرمان، لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی "هیوادارم لە وەرزی داهاتوودا نەیمار تووشی پێکان نەبێت، ئەو لە هەموو وەرزێکدا نازناو لەگەڵ یانەکەی یان هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەباتەوە، ئەو تەنیا چامپیۆنزلیگێکی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کەمە، نەیمار سومبولی بەرازیلە، هیوادارم مۆندیال و باڵۆن دۆر بباتەوە، بەڕاستی ئەو زۆری بەدەست پێکانەکانەوە ناڵاندووە و پێشتر یاریزانانی دیکەش تووشی بوونە، وەک رۆناڵدۆ".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە