ریال مەدرید بەهێزەوە خۆی بۆ گواستنەوەی هاوینە ئامادەدەکات

31-03-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید ئیسپانی کار بۆ رێکخستنەوەی پێکهاتەی تیپەکەی دەکات و دەیەوێت، لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا چەند یاریزانێکی نوێ بباتە ریزەکانی.

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا رایانگەیاند، ریال مەدرید بۆ بەهێزکردنی تیپەکەی کار بۆ دەستبەرداربوون لە هەشت یاریزان دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو یاریزانانە 145 ملیۆن یۆرۆی دەستبکەوێت و پێی بچێتە نێو بازاڕی گواستنەوەدا بۆ کڕینی یاریزانی نوێ.

ئەو یاریزانانەی یانەی شاهانە دەیەوێت دەستبەرداریان ببێت ئەمانەن؛ گارێس بەیڵ کە ئێستا بەشێوەی خواستن لە یانەی تۆتێنهامە و ریال مەدرید ئامادەیە بە 30 ملیۆن یۆرۆ بیفرۆشێت، دانی سێبایۆس، کە بەشێوەی خواستن بۆ یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی یارییدەکات و یانەی شاهانە دەیەوێت بەرامبەر هەمان نرخی بەیڵ دەستبەرداری ببێت، بۆ لوکا یۆڤیچیش بەهەمان شێوە داوای 30 ملیۆن یۆرۆ دەکات، کە ئێستا بەشێوەی خواستن لە یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت یارییدەکات.

یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی لۆس بلانکۆس پلانی دەستبەرداربوونی داناوە، بۆرخا مایۆرالە و دەیەوێت بەرامبەر 15 ملیۆن یۆرۆ، بەشێوەی هەمیشەیی ئەو یاریزانە بداتە یانەی رۆما، جگە لەوەش کار بۆ فرۆشتنی مارسێلۆ دەکات بەرامبەر 10 ملیۆن یۆرۆ و بۆ هەریەکە لە ئیسکۆ، ئۆدریۆزۆلاش داوای 15 ملیۆن یۆرۆ دەکات و دەیەوێت دەستبەرداری ماریانۆ دیازیش ببێت.

ریال مەدرید بەسەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز، دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا رکابەری لەسەر گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان، ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی یانەی بۆرووسیا دۆرتموند و دەیڤد ئالابا، بەرگریکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە