تایبەت بە رووداو؛ هیچ یانەیەک بۆ قۆناخی داهاتووی خولی کوردستان زیادناکرێت

31-03-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تاریق عەبدولرەحمان
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی فەرمی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بڕیارییدا، لە قۆناخی داهاتووی خولی یانە نایابەکانی کوردستان هیچ یانەیەکی دیکە زیاد نەکرێت.

تاریق عەبدولرەحمان، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " قۆناخی داهاتووی خولی یانە نایابەکانی کوردستان بەبەشداریی 6 یانە بەڕێوەدەچێت، یەکێک لە ئەندامەکانی یەکێتییەکە پێشنیازی زیادکردنی دوو یانەی دیکەی کرد، بەڵام ئەو پێشنیازە رەتکرایەوە و یارییەکان بەپێی ئەو بڕیارەی کە پێشتر دراوە، بەبەشداریی 6 یانە بەڕێوەدەچێت و هیچ یانەیەکی بۆ زیاد ناکرێت".

سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان دەڵێت " زیادکردنی یانەکان خەرجییەکان زیاددەکات و بۆ وەرزی داهاتوو بە راوێژ لەگەڵ لیژنەی ئۆڵیمپی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری کار لەسەر زیادکردنی ژمارەی یانەکان دەکەین، بەڵام پێش ئەوە دەبێت بزانین زیادکردنی یانەکان پێویستیی بە زیادکردنی خەرجی هەیە".

تاریق عەبدولرەحمان زیاتر گوتی " زوڵمکردن لە یارییەکاندا لە هیچ یەکێک لە یارییەکاندا جێگەی قبوڵکردن نییە، هەر هەڵەیەکیش بکرێت لێکۆڵینەوەی لێدەکەین و لە رێگەی پسپۆرانی بواری ناوبژیوانان لە یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بڕیاری خۆمان دەدەین".

قسەکانی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لەبارەی کڕین و فرۆشتن بە ئەنجامی یارییەکان گوتی " ئەوانەی ئەو کارە دەکەن سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێندرێت، ئەوانەشی کە ئەو کارە دەکەن لەسەریان دەمێنێتەوە و رۆژێک لە رۆژان وەک شەرمێکی گەورە لەسەریان دەمێنێت، ئەوە زۆر کەمە و ئەگەر روویدابێتیش لە رێگەی خەڵکێکی نا وەرزشی کراوە و لە مانای دۆڕان و بردنەوە تێناگەن و لە داهاتوودا کار لەسەر ئەوە دەکەین کە رێگری لەمە بکەین و متمانەی زۆرمان بە هەموو یانەکان هەیە".

لە کۆتایی قسەکانیدا عەبدولرەحمان گوتی " داوا لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەکەم، ئەوانەی لە نێو بواری وەرزشیدا کاردەکەن و وەرزشوان نین لە وەرزش دووریانبخاتەوە و ئەوانەشی کە کەسانی وەرزشین و لە دەرەوەی کارەکەن لە وەرزش نزیکیانبکاتەوە".

بەپێی زانیارییەکانی رووداو تاوەکو ئێستا لە کۆبوونەوەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، قسە لەبارەی ئەوەوە نەکراوە کە هیچ یانەیەک لە خولەکەدا دادەبەزێت.

رۆژی سێشەممە یارییەکانی گەڕی 14ـی خولی یانە نایابەکانی کوردستان کران، شەش یانە کە لە سیروانی نوێ، شێروانە، برایەتی، زاخۆ، هەندرێن و پێشمەرگەی هەولێر پێکهاتوون گەیشتوونەتە قۆناخی داهاتوو و بەپێی ریزبەندی کۆمەڵەی دووەمیش یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ خولی پلە یەک دابەزیووە.

قسەکانی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لەکاتێکدان، دەنگۆی ئەوە هەبوو کە هەردوو یانەی چەمچەماڵ و دەربەندیخان بۆ قۆناخی داهاتوو زیادبکرێن و یارییەکان بە بەشداریی 8 یانە بەڕێوەبچن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە