یانەی ئیستقلال بۆ رووداو: سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خولی ئێران رەشبینین

رووداو - تاران

گوتەبێژی یانەی ئیستقلالی ئێرانی رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رێژەیەکی زۆر لە وڵاتەکەیان، هیچ چاوەڕوانیەکیان نییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە یارییەکانی خولی ئێران بەڕێوەبچن.

محەممەد نوریفەر، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی یانەی ئیستقلال، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداودا گوتی "باوەڕ ناکەم هیچ شتێک لەوە کاریگەرتر بێت کە راهێنانەکان و خولەکان وەستاون، یاریگەکان بێدەنگن و دوورن لە جۆش و خرۆش و هاواری هاندەران".

یانەی ئیستقلال پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی ئێرانە و ئەمساڵ بەشداری کردبوو لە جامی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، کە لە کۆمەڵەی یەکەم لەگەڵ یانەکانی ئەهلی سعودی، وەحدەی ئیماراتی و شورتەی عێراقی یاری دەکات.

سەرجەم ئەندامان و یاریزانانی یانەکە ئێستا لە ماڵەوە لە کەرەنتینەدان، هەر بۆیە نریفەر زیاتر روونیکردەوە "ئەمساڵ تیپێکی بەهێزمان لە یاریزانی ئاست بەرز دروستکردبوو، دەمانویست پارێزگاری لە نازناوی ئێران بکەین و ململانێی یانەکانی ئاسیا بکەین، بەڵام روون نییە کە چی روودەدات و دڵتەنگین بەم بارودۆخە، لەگەڵ ئەوەشدا تەندروستی و سەلامەتی گیانی مرۆڤەکان لە هەموو بابەتێک لامان گرنگترە، دەبێت هەوڵ بدەین کۆرۆنا لەناو ببەین و بگەڕێینەوە یاریگە". 

یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی ئێران بە بەشداری 16 یانەیە، دوای ئەنجامدانی 21 گەڕ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران یارییەکانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگرت.