دوو یانەی بەنێوبانگ داوای ئەیمەن حوسێن دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو یانەی بەنێوبانگ لەسەر ئاستی ئاسیا و ئەفریقا، داوای ئەیمەن حوسێن، هێرشبەر و گۆڵکاری هەڵبژاردەی عێراق دەکەن، بۆ ئەوەی هێڵی پێشەوەی یانەکەیان بەهێزبکەن.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی ئیستقلال تەهرانی ئێرانی هەنگاوەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەیمەن حوسێن، گۆڵکاری هەڵبژاردەی عێراق دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی هێڵی پێشەوەی یانەکەی بەهێزبکات، ئەمەش دوای ئەوەی یاریزانەکە لە جامی ئاسیادا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت.
 
ئەیمەن حوسێن، لە جامی ئاسیادا 6 گۆڵی تۆمارکرد، سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق کراوەتە دەرەوە، بەڵام هێشتا یاریزانەکە گۆڵکاری جامی ئاسیایە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی چەند یانەیەک چاودێریی ئەو یاریزانە بکەن بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکەن.
 
ئیستقلال دەیەوێت لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا، بەهێزێکی زیاترەوە دەربکەوێت و بۆ وەرزی نوێ گرێبەست لەگەڵ ئەو هێرشبەرە عێراقییە بکات، بۆ ئەوەش هەنگاوەکانی دەستپێکردەوە.
 
جگە لە ئیستقلال، یانەی زەمالیکی میسری کە یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی ئەو وڵاتە و ئەفریقایە، دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەیمەن حوسێن واژۆبکات، بۆ ئەوەی هاوکاریی هێڵی پێشەوەی یانەکە بکات لە رکابەرییەکانی داهاتوودا لەسەر ئاستی ناوخۆی میسری و کیشوەری.
 
ئەیمەن حوسێن، سەرەڕای ئەوەی عێراق ماڵئاوایی لە جامی ئاسیا کردووە، هێشتا لە قەتەر ماوە و بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە لەلایەن سەرۆکی یانەی ئوم سەلالی قەتەرییەوە پێشوازیی لێکرا و رێزی لێگیرا.
 
هێرشبەرە عێراقییەکە پێشتر لە یانەی ئوم سەلال یارییکردووە و ئێستا یاریزانی یانەی قوە جەوییەی عێراقییە، یەکەم یاریزانی عێراقییە لە یەک وەشانی جامی ئاسیادا 6 گۆڵ تۆماربکات.